لە مەراسیمێكدا ئاڵوگۆڕی دەسەڵات كرا لە نێوان عەبادی‌و عەبدولمەهدیدا

08:22 - 25/10/2018
عێراق

عەبدولمەهدی كاردەكەین بۆ نەهێشتنی هەژاری‌و پەرەپێدانی ئابوری‌و دابینكردنی خزمەتگوزاریی
عەبادی: حكومەتی نوێ‌ رووبەڕووی ئاڵنگاریی زۆر دەبێتەوە


لە مەراسیمێكدا لەبارەگای ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتكرا لە نێوان حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشوی عێراق‌و عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی نوێ‌. لە یەكەم وتەیدا دوای دەستبەركابوونی عەبدولمەهدی رایگەیاند: كار دەكات لە پێناو بەرەوپێشبردنی ئابوری عێراق‌و نەهێشتنی هەژاریی‌و دابینكردنی خزمەتگوزاریی بۆ هاوڵاتیانی عێراق. عەبادیش ئاماژەی بەوەدا، كە حكومەتەكەی عەبدولمەهدی رووبەڕووی چەندین ئاڵنگاریی دەبێتەوە.

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق، دەستبەكاربوو دوای ئەوەی لە مەراسیمێكدا ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتی كرد لەگەڵا حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشو. لەمەراسیمەكەدا، كە وەزیرانی كابینەكەی پێشو‌و ئەو وەزیرانەی لەكابینەی نوێیدا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە متمانەیان پێدراوە ئامادەبون، عەبدولمەهدی رایگەیاند: حكومەتەكەی كار دەكات لە پێناو كەمكردنەوەی بێكاری‌و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان‌و بەرەوپێشبردنی ئابوری عێراق.

عادل عەبدولمەهدی، ئاماژەی بەوەدا، كە بەشێك بووە لە كابینەكەی پێشوو كاتێك بەشێكی زۆری عێراق لەلایەن داعشەوە كۆنترۆڵكراوە‌و ئەو كاتەی نرخی بەرمیلێك نەوت لە هەندێك جار كەمتربوە لە 27 دۆلار‌و زۆر كەس پێیانوابوە عێراق لە لێواری هەرەسدایە.

وتیشی: ئەجێندای كابینەكەی چەندین بەرنامەی لەخۆ گرتوەو زەمانبەدییەو كاتی جێبەجێكردنیان دیاریكراوە.

لای خۆشیەوە، حەیدەر عەبادی، وێرای ئاماژەدان بەو هەلومەرجەی كابینەكەی تیایدا دەستبەكاربوە باسی لەوەكرد كە حكومەتی نوێی عێر اق روبەڕوی چەندین ئاڵنگاریی دەبێتەوە.

 دوای بەڕێوەچونی ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتیش لە نێوان سەرۆك وەزیری پێشو‌و نوێ‌، ئەنجومەنی نوێی وەزیرانی عێراق یەكەم كۆبونەوەی كرد.

هەر لە مەراسیمەكەدا عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق هیوای خواست، لەكۆبونەوەی داهاتوی ئەنجومەنی نوێنەراندا كە بڕیارە رۆژی 6ی مانگی داهاتو بەڕێوەچو، متمانە بدرێت بەسەرجەم وەزیرەكانی كابینەكەی بدرێت.

332 جار خوێندراوەتەوە