وتەبێژی كۆمسیۆن: لە دوو رۆژی داهاتوودا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن رادەگەیەنرێت

03:49 - 20/10/2018
کوردستان

بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوودا كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ‌و راپرسی هەرێم، ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی هەرێمی كوردستان رابگەیەنێت ‌و بەپێی زانیارییەكان گۆڕانكاری بەسەر ئەنجامەكەدا دێت.

شیروان زرار، وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم، بە KNNی راگەیاند: راپۆرتی یەكەمی پرۆسەی بەراوردكاری ‌و وردبینیكردنی ئەو سندوقانەی سكاڵایان لەسەر بوو گەیشتووەتە دەستیان و لە ئێستادا چاوەڕوانی گەیشتنی راپۆرتی كۆتایین بۆ ئەوەی ئەنجامی كۆتای هەڵبژاردن رابگەیەنن.

وتیشی، بۆ ئەو مەبەستە ئەمڕۆ ئەنجومەنی كۆمیسیاران كۆدەبێتەوەو هەر كاتێك كۆبونەوەكە گەیشتە بڕیاری كۆتایی ئەنجامەكە رادەگەیەنن، كە پێدەچێت لە یەك دوو رۆژی داهاتوودا ئەنجامەكان رابگەیەنرێن.

بەپێی زانیارییەكانی KNN بە یەكلا كردنەوەی سكاڵاكان گۆڕانكاری بەسەر ئەنجامەكاندا دێت، بەڵام مەرج نیە هەموو لیستە بەشداربووەكان سودمەند بن لەو گۆڕانكارییە. 

ماوەی چەند هەفتەیەكە كۆمسیۆن لە رێگەی لیژنەیەكەوە سەرقاڵی یەكلایكردنەوەی ئەو هەزارو چل سكاڵایەیە، كە هێزە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن تۆماریان كردووە.

128 جار خوێندراوەتەوە