هەولێر؛ ژمارەیەك ئەفسەری ئاسایش لەسەر دزینی نەوت دەستگیر كران

04:13 - 17/10/2018
کوردستان

هەولێر؛ لە كاتی دەستگیركردنیدا ئەفسەرێكی ئاسایش ملیۆنێك و 400 هەزار دۆلاری پێبوە
سەرچاوەیەك بۆ KNN: ئەو بەرپرسانە رۆژانە 20 بۆ 25 تانكەر نەوتیان دزیوە و فرۆشتویانە
سەرچاوەیەك بۆ KNN: مەزەندە دەكرێت بەرپرسەكان بە بەهای 800 ملیۆن دۆلار نەوتیان دزیبێت


هێشتا دۆسیەی قاچاغچێتی بەرپرسانی هەرێم لەگەڵ داعش یەكلا نەبۆتەوە، ژمارەیەك بەرپرسی ئاسایشی هەولێر، بە تۆمەتی كونكردنی بۆری نەوتی هەرێم و دزینی نەوتەكەی لە ناحیەی گوێر دەستگیر كراون، كە تەنها یەك ئەفسەرییان لە كاتی دەستگیركردنیدا ملیۆنێك و 800 هەزار دۆلاری پێبووە، وتەبێژی حكومەتیش لەبارەی دۆسیەكەوە قسە بۆ KNN دەكات.

ژمارەیەك ئەفسەری ئاسایشی هەولێر بە تۆمەتی كونكردنی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان و دزینی نەوت لەو رێگایەوە دەستگیر كراون. 

سەرچاوەیەك، كە لەبەر هەستیاری دۆسیەكە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بە KNNی راگەیاند: یەكێك لەو ئەفسەرانەی دەستگیر كراوە پلەكەی رائیدە و لە گوندی عەوێنەی سەر بە ناحیەی گوێر كێڵگەیەكی لە نزیك بۆری نەوتی هەرێم هەبووە و هەر لەو شوێنەوە بۆری نەوتەكەی بە هاوكاری چەند بەرپرسێكی تری ئاسایش كونكردوە و رۆژانە 20 بۆ 25 تانكەر نەوتیان دزیوە و بە قاچاغ فرۆشتویانە.

سەرچاوەیەكە ئەوەشی ئاشكرا كرد، لەكاتی دەستگیركردنیدا ئەو ئەفسەرەی ئاسایش ملیۆنێك و 400 هەزار دۆلاری پێبوە.

بەپێی زانیارییەكانی KNN جگە لەو ئەفسەرە ژمارەیەكی تر ئەفسەری ئاسایش لە دۆسیەكەوە گلاون و دەستگیر كراون، تۆمەتباریشن بەوەی تا ئێستا بە بەهای 800 ملیۆن دۆلار نەوتیان دزیوە.

 

سەرچاوەكەی KNN ئاشكرایكرد، ئەو شوێنەی نەوتەكەی لێدزراوە، لە سنوری هێزەكانی عێراقدایە و لە ئێستادا بەرپرسانی عێراق داوای رادەستكردنی ئەو ئەفسەرانە لە هەرێم دەكەن، بەڵام پێناچێت حكومەتی هەرێم بەو داواكارییە رازی بێت، چونكە گومان دەكرێت بەرپرسانی باڵای تر لە پشت دۆسیەكەوە بن.

هەر لەوبارەیەوە لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری KNNدا سەفین دزەیی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەواڵەكەی پشتڕاست كردەوەو وتی: بەهۆی هاتنی هەندێ‌ راپۆرت لەسەر ژمارەیەك بەرپرسی ئەمنی لێكۆڵینەوەكان دەستی پێكردووەو ئەگەر پێویست بكات ئەوە حكومەت ئیجرائاتی زیاتر دەكات.

ئەوەی تا ئێستا ئاشكرابووە لەم دۆسیەیەدا چەند بەرپرسێكی باڵای ئاسایش و ئەمنی دەستیان لەم دۆسیەیەدا هەیە و ژمارەیەكیان دەستگیر كراون، بەڵام هێشتا دیار نیە دەستی یەكەم و گەورەی پشتی ئەم كەسانە كێیە و ئەم پارەیە بۆ كێ‌ چووە؟ بە لە بەرچاوگرتنی لێكۆڵینەوەكانی پێشوتری حكومەتی هەرێم، چاوەڕێ‌ دەكرێت ئەم دۆسیەیە و بكەرانی بە نادیاری بمێننەوە، هەروەك چۆن قاچاغچێتی نەوت و ئۆتۆمبێل لەگەڵ داعش ئێستاشی لەسەر بێت، كەس نەیزانی دۆسیەكە بەكوێ‌ گەیشت؟

27795 جار خوێندراوەتەوە