رۆژنامەی واشنتۆن پۆست: توركیا بەڵگەی پێویستی لەبارەی كوشتنی جەمال خاشقچی لەبەردەستدایە

11:45 - 12/10/2018
کوردستان

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست: بەپێی بەڵگەكانی توركیا جەمال خاشقچی لەناو كونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ كوژراوە 

بەپیێ‌ هەواڵێكی رۆژنامەی واشنتۆن پۆست توركیا بەڵگەی ئەشكەنجەدان و كوشتنی رۆژنامەنوسی سعودی جەمال خاشقچی، لەبەردەستدایە و بەپێی ئەو بەڵگانەش خاشقچی لەناو كونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ كوژراوە. 

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە زاری بەرپرسانی ئەمریكاوە بڵاوی كردەوە، كە توركیا بەرپرسانی ئەمریكای ئاگاداركردوەتەوە لەوەی، كە تۆماری دەنگی و ڤیدیۆیان لەبەردەستدایە، كە دەیسلەمێنێـت جەمال خاشقچی، لەناو كونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ كوژراوە.

رۆژنامەكە لە زاری سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردەوە، ناوەرۆكی ئەو تۆمارە دەنگی و ڤیدیۆییانە ووردەكاری ئەو رووداوەی تێدا تۆماركراوە.

سەرچاوەكە زانیاری زیاتری بۆ رۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئاشكراكردوە رایگەیاندوە، ئەو تۆمارە دەنگی ڤیدیۆیانە چۆنیەتی رۆیشتنی جەمال خاشقچی، بۆ ناو كونسوڵخانەی سعودیە تێدا تۆماركراوە، هەروەها دەنگی خاشقچی و چەند كەسێكی تێدا دەبیسترێـت، كە بەزمانی عەرەبی قسە دەكەن، هەروەها چۆنیەتی ئەشكەنجەدان و كوشتنی رۆژنامەنوس جەمال خاشقچی تێدا تۆماركراوە.

1663 جار خوێندراوەتەوە