گه‌رمیان؛ بەهۆی هەرەسی ناعورێکەوە سێ کەس دەبن بەژێر خاکەوە

11:41 - 12/10/2018
کوردستان

سه‌رله‌به‌یانی ئەمڕۆ هەینی 12-10-2018 لە گوندی حەساری سەر بە ناحییەی مەیدان بەهۆی هەرەسی ناعورێکەوە سێ کەس دەبن بەژێر خاکەوە.

رائید عەلی جەمال قدوری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند: لە گوندی حەساری سەر بە ناحییەی مەیدان لە کاتێکدا حەفارەیەک سەرقاڵی هەڵکەندنی ناعوری ئاو بووە سێ کەس خۆیان لە نێویدا بوون و لەپڕ لێواری ناعورەکە روخاوە بەسەریاندا.

به‌ وته‌ی رائید عەلی جەمال قدوری لە ئێستادا شۆفێری حەفارەکە رزگاری بووە و سێ هاوڵاتی دیکە 10 مەتر خاک بەسەریاندا کەوتووە و تیمەکانی فریاکەوتن و پۆلیس سەرقاڵی دەرهێنانی ئەو سێ هاوڵاتیەن.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئەو سێ هاوڵاتیە دانیشتوی قەزای کەلارن و خەڵکی گوندی حەسارن و بەیانی ئەمڕۆ بەمەبەستی دروستکردنی ناعوری ئاو بۆ بەکارهێنانی کشتوکاڵ رویان لەو ناوچەیە کردووە.

1972 جار خوێندراوەتەوە