ئیجە؛ زۆرینەی كۆچبەرە خنكاوەكان كوردن و خەڵكی دهۆك و زاخۆن

09:17 - 11/10/2018
کوردستان

ئیجە؛ بەهۆی نقوم بوونی بەلەمێك 35 كۆچبەر ژێر ئاو كەوتن
ئیجە؛ تەنها یەك كەس لەو 35 سەرنشینە رزگاریی بووە


بەلەمێك بە 35 كۆچبەرەوە لە دەریای ئیجەدا ژێرئاو كەوت، بەپێی زانیاریە سەرەتاییەكان زۆرینەی خنكاوەكان خەڵكی باشوری كوردستانن، KNN بەشێك لە ئامارەكانی كۆچی نایاسایی بۆ دەرەوە بڵاو دەكاتەوە.

لەگەڵ بەردەوامی قەیرانی دارایی و زۆربوونی رێژەی بێكاری لە هەرێم، ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەش ڕوو لە زیادبوونە، كە دەیانەوێت كوردستان جێبیهڵن، ئەوانە رێگایەكی دووروو درێژ دەبڕن بۆ گەیشتنی بەژیانێكی باشتر، بەڵام زۆرجار رێگە پر مەترسی و هات و نەهاتەكەی كۆچ دەبێتە دوامەنزڵی ئەو كەسانە.

هێشتا برینی دوو خوشكەكەی دەربەندیخان سارێژ نەبووە، كە لە گەشتیاندا بۆلای باوكیان لە ئیجەدا خنكان، رۆژی چوارشەممە بەلەمێكی كۆچبەران بە 35 سەرنشینەوە لە دەریای ئیجەدا نقومبوو، كە زۆرینەی سەرنشینەكانی خەڵكی شارەكانی دهۆك و زاخۆن لە باشوری كوردستان.

بەرای شارەزایانیش هۆكاری خراپی دۆخی دارایی گەنجانی كورد لە سایەی حكومرانەكانی ئەم هەرێمەدا هۆكاری سەرەكی بڕیاری جێهێشتنی وڵاتە، بە تایبەتیش، كە جیاوازی چینایەتی چینی سەردەستە و خوارەوە بە تەواوەتی هەستی پێدەكرێت.

بەپێی ئاماری فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق لە 20ی حوزەیرانی ساڵی رابردوەوە تا 20ی حوزەیرانی ئەم ساڵ 64 هەزار و پێنج هاوڵاتی عێراقی وڵاتیان جێهێشتووە و لە 43 وڵاتی جیاجیا داوای مافی پەنابەرێتیان كردووە و هەر لەو ماوەیەشدا 25 كۆچبەری كورد تەرمەكانیان گەڕێندراوەتەوە هەرێم و 34 كۆچبەری تریش بێسەروشوێنن.

بە وتەی ئاری جەلال، سەرپەرشتیاری گشتی فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق لە هەرێمی كوردستان،  لەسەرەتای دەستپێكردنی شەڕی داعش لە عێراق و هەرێمی كوردستان تا ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ هاووڵاتی عێراق و هەرێمی كوردستان لە رێگا سەخت و دژوارەكانی هەندەران گیانیان لە دەستداوە و لە رووبارەكاندا خنكاون، لەو ژمارەیەش تەرمی زیاتر لە ١٦٠ كەسیان گەڕاندووەتەوە بۆ كەسوكاریان و چارەنووسی زیاتر لە ١٣٠ كەس تا ئێستا بە نادیاری ماونەتەوە.

ئێستا گەنجانی ئەم هەرێمە خەون بە ئایندەیەكی باشەوە دەبینن، بۆئەمەش چاویان لەئاسۆی دەسەڵاتێكی دادپەروەرە كە بتوانێت خەونی جێهێشتنی وڵاتیان بۆ بگۆرێت بەخەونی مانەوە و پێشخستنی هەرێم، ئەوەی ڕوونە ئەوەیە كە پێناچێت یەكێتی و پارتی ئەو دەسەڵاتە بن كە بیانەوێت لێشاوی كۆچی نایاسایی رابگرن.

9007 جار خوێندراوەتەوە