وادەی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاكان تەواوبوە و هیچ دەسەڵاتێكیان نەماوە

08:20 - 11/10/2018
کوردستان

حكومەت بەنیازە ئەنجومەنی پارێزگاكان هەڵوەشێنێتەوە و ئەنجومەنی شارەوانیەكان كارابكاتەوە

پارتی و یەكێتی لەرێگای حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان، ئەوەش بە ئامانجی بەمەركەزی كردنی زیاتری دەسەڵات لەكوردستاندا، ئەم هەوڵەش لە كاتێكدایە ماوەی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاكان تەواو بووە و تەنانەت ئەنجومەنەكا خۆشیان نازانن چارەنوسیان چی دەبێت.

وادەی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لەمانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە كۆتایی هات، دواتر بەهۆی ئەوەی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا نەكرا، ماوەكەیان لەرێگای یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان و وەزارەتی دادەوە چوار مانگ بۆ درێژكرایەوە، ئەوەش كۆتایی هات و لە ئێستادا ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم شەرعیەتی یاساییان نەماوە. 

بەپێی زانیارییەكانی KNN ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم لە گەڵاڵەی بڕیارێكدایە كە ئەنجومەنی پارێزگاكان هەڵوەشێنێتەوەو لەبەرامبەردا ئەنجومەنی شارەوانیەكان كارابكاتەوە، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت ئێمە چاوەڕێی بڕیاری پەرلەمان و حكومەتین ئەگەر نا تائێستا خۆشمان نازانین بمێنینەوە یان ئەنجومەنەكان چۆڵبكەین.

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت: هیچ دەسەڵاتێكی خۆجێی نیە جێگای ئەنجومەنی پارێزگاكان بگرێتەوە سكرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش باس لەوە دەكات، ئەنجومەنەكان یان دەبێت كارەكانیان هەڵپەسێرن یان دەبێـت بەردەوام بن بەپێی یاسایەك پەرلەمان دەری بكات.  

بەرای شارەزایانی ئیداری، خواستی پارتی و یەكێتی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان لێدانە لە دەسەڵاتی لامەركەزی و هەوڵێكە بۆ بە مەركەزی كردنی زیاتری دەسەڵاتەكان.

1009 جار خوێندراوەتەوە