بەپەلە

لێكەوتەكانی دەركردنی تەسكەرە و جنسیەی ساختە زیاتر دەبن

08:19 - 11/10/2018
کوردستان

فەرمانگەكانی پاسپۆرت بەهۆی ساختەكارییەكانەوە داوای وێنەی تۆمار لە هاوڵاتیان دەكەن
وەزیری ناوخۆ: دڵنیا نین كە تەسكەرە و جنسیە ساختە نەكراون

تا دێت لێكەوتەكانی ئەو ژمارە زۆرەی تەسكەرە و جنسیە كەلەلایەن پارتی و یەكێتیەوە بۆ ساختەكاری لەهەڵبژاردن دەركراون زۆرتر دەبێت، لە ئێستادا لە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت كە فەرمانگەیەكی فیدراڵیە، بەو هۆیەوە داوای سورەت قەید لە هاوڵاتیان دەكرێت، لای خۆشیەوە بریكاری وەزیری ناوخۆی هەرێم دەڵێت، لە وەزارەتەكەی ئەوان تەزویر نەكراوە، بەڵام دڵنیا نین لەوەی كەس و لایەن و گروپی تر ئەو كارەیان نەكردبێت.

هەڵدانەوەی لاپەڕەی گومانی یەكتری لەلایەن یەكێتی و پارتیەوە لەسەر ساختەكاری لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی 30 ئەیلول دەستی خستە سەر ئەو راستیەیەی، كە رێگای ئەمجارەی ساختەكارییەكان دەركردنی جنسێ ‌و تەسكەرە بووە.

جەلال شێخ كەریم، بریكاری وەزارەتی ناوخۆ لەوەڵامی ئەو پرسیارەی كە دەوترێت ئایا ئێوە دەی سەلمێنن ناسنامەی كەسی تەزویر نەكرابێت ئەو رەتی ناكاتەوە نەكرابێت دەڵێت: تەنها دەتوانن دڵنیایی بدەن، كە لای ئەوانەوە نەكراوە، بەڵام نازانن لەلای گروپ لایەن ‌و خەڵكی ترەوە كرابێت. 

دوای ئەوەی دەركەوت لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆر تەسكەرە و جنسیە ساختەكراوە، لە ئێستادا لە بەڕێوەبەرایەتیەكانی پاسپۆرت كە فەرمانگەیەكی فیدراڵیە، رێكاراكانی دەركردنی پاسپۆرت زۆرتر بووە و هەركەسێك كێشە لە بەڵگەكانیدا هەبێت داوای سورەت قەیدی لێدەكرێت.

 

بۆئەم مەبەستە سەردانی بەرێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانیمان كرد هەرچەند بە بیانوی ئەوەی مۆڵەتی لێدوانی نیە  ئامادە نەبوو لێدوان بدات تەنها ئەوەندە نەبێت رەتیكردەوە هیچ نوسراوێكیان لە بەغدا وە لەسەر ئەم بابەتە بەدەست گەشت بێت. 

 

لەلایەكی ترەوە هەر سێ فراكسیۆنی گۆڕان كۆمەڵ و نەوەی نوێ ، وەزیری ناوخۆی عێراقیان لەنامەیەكدا لەو مەترسیانە ئاگاداركردۆتەوە، كە هەزاران رەگەزنامە و ناسنامەی تەزویر لەهەرێمی كوردستان لەلایەنە  یەكێتی پارتیەوە ساختەكراون.

262 جار خوێندراوەتەوە