سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ زیانی گەورەی بە ژێرخان و سەرخانی كوردستان گەیاند

08:18 - 11/10/2018
ئابوری

KNN بەشێك لە زیانەكانی ئابوری سەربەخۆ دەخاتەڕوو 

 

 پێشبینی گەڕێكی نوێی ململانێ لەسەر پرسی بودجە لەنێوان هەرێم و بەغداد دەكرێت، سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ و فرۆشتنی نەوت  زیانی گەورەی  بەخەڵكی كوردستان گەیاند، KNN بەشێك لە زیانەكانی ئەو هەنگاوەی یەكێتی و پارتی دەخاتەڕوو.

 

لە دوای ئاشكرابوونی رەشنوسی بودجەی 2019ی عێراق، پێشبینی گەڕێكی نوێی ململانێ لەنێوان هەرێم و بەغدا دەكرێت، هەموو ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن، كە حكومەتی هەرێم هاوشێوەی ساڵانی رابردوو پابەندی یاسای بودجەی ساڵی داهاتوو نەبێت، ئەوەش بەوپاساوەی، كە هەمان كێشەكانی ساڵانی رابردوو بە هەڵواسراوی ماونەتەوە و حكومەتی هەرێم ئامادە نیە ئەو بڕە نەوتە رادەست بكات و بەغداش ئامادە نیە بێ‌ ئەوە بودجە بنێرێت.

تا پێش ساڵی 2014 حكومەتی عێراق ساڵانە بودجەی رەوانەی هەرێم دەكرد و هەرێمیش 95%ی بودجەكەی لە بەغداوە وەردەگرت، لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسانی یەكێتی و پارتی بەبەرچاوی بەغداوە نەوتیان دەفرۆشت و داهاتەكەشیان رادەستی بەغدا نەدەكردەوە.

لە بەرامبەردا بەغدا بودجەی هەرێمی بڕی و یەكێتی و پارتیش لەژێر ناوی ئابوری سەربەخۆدا بڕیاریاندا تاك لایەنە نەوت بفرۆشن، هەر ئەو كاتەش چەندین بەڵێنی باقوبریقەدارییان بەخەڵكی كوردستاندا، كە كوردستان ئەكەن بەدوبەی و تا كۆتایی 2016 رۆژانە ملیۆنێك بەرمیل هەناردە دەكەن و داهاتی نەوت دەدەن بە خەڵك، بەڵام رێك بەپێچەوانەوە، كوردستان روبەروی شكستی گەورەی ئابوری بویەوە و تەنانەت نەیانتوانی موچەی فەرمانبەرانیش بدەن. 

ئەمانەی خوارەوە بەشێكن لەو زیانانەی، كە بەر ئابوری هەرێم كەوتن بەهۆی بڕیاری فرۆشتنی سەربەخۆی نەوتەوە.
* لە 5 ساڵی رابردوودا كە بودجە لە بەغداوە نەهاتوە، حكومەتی هەرێم زیانی زیاتر لە 50 ملیار دۆلاری لێكەوتوە، بەوپێیەی تا 2013  ساڵانە زیاتر لە 12 ملیار دۆلار بودجە لە بەغداوە دەهات.
* هەر بەهۆی سیاسەتی هەڵەی نەوتەوە تەنها كەرتی تایبەت زیاتر لە 20 ملیار دۆلار زیانی بەركەوت و زیاتر لە 650 هەزار كەس لەو كەرتەدا كارەكانیان لەدەستدا.
* لەكۆی 5 هەزار كارگەی مۆڵەتپێدراوی هەرێم 3هەزار و 500 كارگەیان داخران و 20 هەزار كەس بێكاربون.
* فەرمانبەرانی هەرێم بەشێكی زۆری موچەكانیان بەناوی پاشەكەوتەوە لەدەستدا.
* زۆرینەی پرۆژەكانی هەرێمی كوردستان كاركردن تێیاندا وەستا.
* بەسەدان كۆمپانیا و سەرمایەدار ئیفلاسبونی خۆیان راگەیاند.
* كەرتە خزمەتگوزارییەكانی ئاو و كارەبا و رێگاوبان پاشەكشەی گەورەیان بەخۆیانەوە بینی.


جگە لەبواری ئابوری كەرتی نەوتی هەرێم لە رووی سیاسیشەوە زیانی گەورەی بەپێگەی هەرێم گەیاند، سەركردەكانی یەكێتی و پارتی مامەڵەیەكی مەترسیداریان بە ژێرخانی ئابوری هەرێمەوە كرد، بەجۆرێك پێنج رۆژ پێش بریاری ئەنجامدانی ریفراندۆم و بەدیاریكراوی لە 2ی حوزەیرانی ساڵی 2017 وەزیری سامانەسروشتیەكانی هەرێم بە ئامادە بوونی نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای رۆسنەفت واژۆكرد، بۆ ئەوەی مۆسكۆ پشتیوانی سەربەخۆیی هەرێم بكات، بە رای چاودێرانی سیاسی ئەو گرێبەستە یەكێك بووە لەو هۆكارانەی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە 16ی ئۆكتۆبەر گڵۆپی سەوز بۆ بەغداد هەڵبكەن كە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان بگرێتەوە، و دواتر كێڵگە نەوتیەكان لە بری رۆسنەفت رادەستی كۆمپانیای بیپی بەریتانی كران.

وەك چۆن لە چەند ساڵی رابردوودا لەسایەی سیاسەتی نەوتی هەرێمدا، نەهامەتیەكانی خەڵكی كوردستان زیاتر بون، چاوەڕێ‌ دەكرێت جارێكی تر نەهامەتیەكانی خەڵكی كوردستان زیاتر دەبن بەوپێیەی داهاتی نەوت زۆرینەی نادیارە و كەمێكی دەدرێت بە خەڵكی كوردستان.

1263 جار خوێندراوەتەوە