سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی

10:00 - 10/10/2018
هەمەڕەنگ

سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی

سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی بە بەشداری ١٢٢ فیلم، کە لە ٥٢ وڵاتی جیھانەوە بەشدارن دەستیپێکرد و نزیکەی ٢٥٠ میوانی بیانی بەشدارن.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە تەلاری ھونەری لە شاری سلێمانی، بە بەشداری ١٢٢ فیلم لە ٥٢ وڵاتەوە و ئاماده‌بوونی ژمارەیەکی زۆری ھونەمەندان و سینەماکاران لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی جیھان، سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی دەستی پێکرد.

سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵ دەڵێن، پێشتر پێنج ھەزار فیلم گەیشتووەتە فێستیڤاڵ و لەلایەن چەند لیژنەیەکی پسپۆڕەوە فیلمەکان ھەڵبژێردراون، لە ماوەی حەوت رۆژی فێستیڤاڵەکەش ١٢٢ فیلم نمایش دەکرێن، کە بریتین لە فیلمی درێژ و کورت، ئەنیمەیشن، دۆکیۆمێنتاری، فیلمی منداڵان ، ئەو فیلمانە کێبڕکێی بەدەستھێنانی خەڵاتەکانی (باشترین فیلم، باشترین سیناریۆ، باشترین دەرھێنان، باشترین سینەماتۆگرافی، باشترین ئەکتەری کوڕ، باشترین ئەکتەری کچ، خەڵاتی دادوەران) دەکەن.

لە فێستیڤاڵەکەدا نزیکەی ٢٥٠ میوانی بیانی و ژمارەیەکی زۆر لە ھونەرمەندان و سینەماکارانی ھەرێمی کوردستان بەشدارن.

لە چوارچێوەی بەرنامەکانی فێستیڤاڵدا، ١٦ فیلمی بڵندی سینەمایی، ٧ فیلمی دۆکیۆمێنتاری، ٤٠ فیلم لە بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمی نێودەوڵەتی و ٢٠ کورتە فیلم لەبەشی پێشبڕکیی سینەمای نەتەوەیی، ١٩ فیلمی ئەنیمەیشن ، ١٨ کورتە فیلمی منداڵان نمایش دەکرێن.

1430 جار خوێندراوەتەوە