قەڵادزێ‌؛ بەهۆی نەخۆشیەكی نەزانراوەوە 2 ئەندامی خێزانێك گیانیان لەدەستدا

04:26 - 10/10/2018
تەندروستی

قەڵادزێ‌؛ 11 ئەندامی دیكەی ئەو خێزانە لە نەخۆشخانەن

لە گوندێكی سەر بەقەزای پشدەر بەهۆی نەخۆشیەكی نەزانراوەوە، 2 ئەندامی خێزانێك گیان لەدەست دەدەن و 11 ئەندامی دیكەی ئەو خێزانە دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانە.

بەڕێوەبەری تەندروستی راپەڕینیش، دەڵێت: بۆ دیاریكردنی جۆری نەخۆشیەكە سامپڵیان وەرگرتوە، چاوەڕێی گەڕانەوەی ئەنجامی پشكنینەكانن لە بەغدا و سلێمانیەوە.

ئێرە دیمەنی گوندی مەمكانی سەر بەناحیەی سەنگەسەری قەزای پشدەرە، یانزە كەس لە ئەندامانی خێزانێك لەم گوندە توشی نەخۆشیەك بون كە مەترسیدارە و دوو لە توشبوەكان گیانیان لەدەستداوە و هێشتا جۆری نەخۆشیەكەش دیاری نەكراوە.

پێشتر ئەم خێزانە كێشەی زەوی و زارییان هەبووە لەگەڵ خێزانێكی تر، بەڵام بەڕێوەبەری تەندروستی راپەرین رەتی دەكاتەوە نەخۆشییەكە پەیوەندی هەبێت بەو كێشەیەوە، ئاشكراشی دەكات، بۆ دیاریكردنی جۆری نەخۆشیەكە سامپڵیان وەرگرتوە، چاوەڕێی گەرانەوەی ئەنجامی پشكنینەكانن لە بەغدا و سلێمانیەوە.

تا دیاریكردنی هۆكاری نەخۆشیەكە لەلایەن تیمی تەندروستی ڕاپەڕینەوە دەرگای ئەو ماڵە داخراوە و كەسوكاری ئەو خێزانەش باسی نەخۆشیەكە و چۆنیەتی گیان لە دەست دانی ئەو 2 ئەندامەی خێزانەكەیان بۆ KNN دەگێڕنەوە.

هەریەكە لە قائیمقامی پشدەر و بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ڕاپەڕین و پۆلیسی پشدەر لەهەوڵی دەست نیشانكردنی هۆكاری ئەو نەخۆشیەن، بەڵام ئەوەی تاوەكو ئێستا زانراوە نەخۆشیەكە گوازراوە نییە و لە كۆی 70 ماڵی گوندەكە تەنها ئەندامانی ئەو خێزانە توشبوون.

6415 جار خوێندراوەتەوە