ڤاكسین لە نەخۆشخانەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان نەما

08:24 - 09/10/2018
تەندروستی

ڤاكسین یان كوتانی ڤاكسین، كە بەرگری جەستەی مرۆڤ دژی چەند نەخۆشییەك بەهێز دەكات، لە ئێستادا لە تەواوی نەخۆشخانەكانی عێراق و هەرێمی كوردستاندا نەماوە، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانیش ئاشكرایدەكات: حكومەتی ناوەند گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەكی تردا كردووە بۆ هێنانی ئەو جۆرە دەرمانەو هەرێمی كوردستانیش ئێستا چاوەی لەدەستی بەغدایە.

كوتانی پێشوەخت یان كتوپڕ، كە بە دەرزی ڤاكسین دەناسرێت، لە نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستاندا دەست ناكەوێت.

ئەم جۆرە دەرزییە، كە بەزۆری بۆ منداڵ و ژنی دوو گیان ژەهراویبوونی كتوپڕ بەكار دەهێنرێت، ماوەیەكە لە هیچ نەخۆشخانەیەكی سلێمانیدا دەست ناكەوێت، بە وتەی بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی، دەرمانەكە لە تەواوی عێراقدا نەماوە.

هۆكارەكەشی بۆ حكومەتی ناوەند دەگەڕێنێتەوە كە لەئێستادا گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەكی تردا كردووە بۆ هێنانی ڤاكسین.

تا ئێستا هیچ كۆمپانیایەكی ناوخۆی نەیتوانیوە ڤاكسین بەرهەم بێنێت، نەمانی ئەم جۆرە دەرمانە مەترسیی لەسەر ژیانی ئەوكەسانە دروستدەكات كە تووشی ژەهراویبوون دەبن.

ڤاكسین یان كوتانی ڤاكسین، هاندان یان ڕاهێنانی سیستمی بەرگری جەستەیە لە دژی چەند نەخۆشییەك، ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیش ئاشكرایدەكات: لە هەر هەزار كەسێكی نەكوتراو بە ڤاكسین، چوار بۆ پێنج كەسیان بە پەتای هەڵامەت دەمرن، لە وڵاتێكی وەك هۆڵەنداش، ساڵانە سێ ملیۆن كەس ڤاكسینی هەڵامەت بەكار دەهێنن، بەڵام تائێستا لە هەرێمی كوردستان بەهۆی كەمی ئەم دەرمانەوە، هاوڵاتیان ناتوانن وەك پێویست ئەم ڤاكسینە وەربگرن، هەرچەندە گەرەنتی مرۆڤ ناكات كە تەواوی زستان ساغ بێت.

1597 جار خوێندراوەتەوە