تایبەتمەندییەکانی سەوزایی لای نەتەوەکان

09:04 - 09/10/2018
زانستی

پەیوەندی مرۆڤەكان و سەوزایی بەتایبەت درەختەكان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای هاتنەسەرزەوی مرۆڤ، هەرچەندە زۆر باسی مافی گیانداران كراوە بەڵام كەمتر باسی مافی سەوزایی و دارو درەختەكان كراوە،لێرەدا دەپرسین ئایا ئەم دروستكراوە سەوزە زیندووە نرخ و مافی تایبەت بەخۆی نییە؟

پەیوەستی مرۆڤ بە سەوزاییەوە مافێكە لەسەر هەموو تاكێك كەلەسەر ئەم زەوییە بژی چونكە پەیوەندی هەرتاكێكمان لەگەڵ سەوزایی و دارودرەخت پەیوەندییەكی پتەو و لەمێژینەیە،هەروەها سود و گرنگی سەوزایی و دارودرەختەكان بۆ مرۆڤ هیچی كەمتر نییە لە بایەخ و گرنگی پاكێتی هەوا و جوانی سروشت.

لە كتێبی پیتەر ول لبن كە پڕ فرۆشترین كتێب بوو بەناوی ،ژیان و نهێنی درەختەكان، لەنێو سەوزاییەكاندا ئەو درەختی بەمرۆڤ شوبهاندووە،دەڵێت گەورەبوون و پیربوونی درەختەكان هاوشێوەی مرۆڤەكانە وەك یەك گەشەدەكەن و پیردەبن.

 

هەروەها لە زۆرێك لەوڵاتان درەخت پیرۆزی تایبەتی خۆی هەیە، بۆنمونە لە یابان كەبەوڵاتی گێلاس ناسراوە لە شاری هۆكۆتۆ درەختی گێلاس پیرۆزی تایبەتی خۆی هەیە كە نزیكەی دووهەزار ساڵ تەمەنیانە.

 

لەمەكسیك ئەفسانەی زۆر هەیە لەسەر پیرۆزی جۆرێك لە درەختی  كاج كەتەمەنیان دەگاتە نزیكەی 1500 ساڵ،هەروەها ناوی درەختی ژیانیان لێناوە.

 

چواربۆچونی شارەزایان و ناوداران وامان لێدەكات زیاتر گرنگی بە سەوزایی و درەختەكان بدەین.

 

یەكەم بۆچون بۆچونێكی ئەرستۆیە كەلەكتێبەكەیدا بەناوی ئەنیما كە باس لە روح و دەرون دەكات،دەڵێت سەوزایی و درەختەكانیش هاوشێوەی مرۆڤەكان و گیانلەبەران روحیان هەیە و پێویستە مافیان بپارێزرێت،هەروەها دەڵێت هەرچەندە ئەوانیش روحیان هەیە بەڵام تەنیا گەشەدەكەن و گەورەدەبن لەبەر ئەوە دەكرێت رێزیان لێبگیرێت بەڵام كەمتر لە رێزی گیانداران،چونكە گیانداران هەرچەندە گەشەدەكەن و گەورەدەبن بەڵام هەستیان هەیە و بیردەكەنەوە و لەزۆرێك لەشتەكان تێدەگەن،لەبەر ئەوە مافی مرۆڤەكان یەكەمن دووەم گیاندارانن سێهەم سەوزایی و دارودرەختەكان.

 

ئیمانوێل كانتی ئەڵمانی بۆچونەكانی ئەرستۆی دەربارەی سەوزایی و دارودرەختەكان زیاتر و تەواوتردەكات و دەڵێت ئەو گیاندارانەی سودیان بۆ مرۆڤەكان هەیە جا ماڵی بن یان كێوی پێویستە لەسەر مرۆڤ رێزیانبگرێت و مافەكانیان پێشێلنەكات،بەهەمان شێوە درەختەكان و سەوزاییەكانیش هۆكاری هەناسەدانی مرۆڤەكانن هەروەها جوانی دەبەخشنە سروشت و بەروبومەكانیان سودێكی ئێجگار زۆریان بۆ مرۆڤەكان هەیە بەهەمانشێوەی گیانلەبەران پێویستە رێزیان لێبگیرێت و مافەكانیان پێشێلنەكرێت،هاوشێوەی پاراستنی مافی مرۆڤەكان پێویستە مافی گیانلەبەران و سەوزاییەكانیش بپارێزرێن.

جێرمی بینتهامی ئینگلیزی بۆچونێكیتری هەیە دەڵێت گرنگ نییە گیانلەبەران و سەوزاییەكان وەك مرۆڤەكان ناتوانن قسەبكەن یان داهێنان بكەن هەر ئەوەندەی كە روح لەبەرن پێویستە وەك مرۆڤەكان مافەكانیان بپارێزرێت،هەرئەوەندەی هۆكاری زیندوێتی مرۆڤەكانن و بێئەوان ژیانی مرۆڤەكان كۆتایی دێت پێویستە مافەكانیان بپارێزرێت و یاساكانی تایبەت بەوان پێشێل نەكرێن.

 

ئەلبێرت شوایتزر فەیلەسوف و پزیشكی ئەڵمانی لە بۆچونەكەی خۆیدا بەناوی رێزێكی تایبەت بۆ ژیان دەڵێت پێویستە چەتری پارێزگاری مافەكانی گیانلەبەران و سەوزاییەكان لەلایەن مرۆڤەكانەوە بەردەوام كراوەبێت و پارێزگاربن لە مافەكانیان،ئەو دەڵێت هەر روح لەبەرێك پێویستە یاسای پارێزگاری خۆی هەبێت و كەسیش مافی ئەوەی نەبێت پێشێلیبكات چونكە هەریەك لەوانە دەیانەوێت بژین و مافی ژیانیشیان هەیە.

تەواوی ئەو بۆچونانە مرۆڤەكان رادەهێنێت توندوتیژنەبن،رێز لەو شتانەبگرن كەهۆكاری زیندوومانەوەیانە لەم سەر زەوییە،هۆكاری جوانی سروشت و پارێزگاری لەلاشەیانە،تەنانەت مرۆڤەكان بەپابەندبونیان بەم یاسایانەوە فێردەبن رێز لەو قاپەش بگرن كە خواردنی تێدا دەخۆن.

501 جار خوێندراوەتەوە