پارتی و یەكێتی ماوەی ساڵێكە پیلانیان داڕشتوە بە یاسا موچە كەمتر بكەنەوە

08:06 - 21/09/2018
ئابوری

پارتی و یەكێتی لە خولی داهاتوودا بە زۆرینە دەیانەوێت پیلانەكە جێبەجێ بكەن
عەلی حەمە ساڵح: دەبێت هاوڵاتیان گۆڕان بكەن بە زۆرینە تا پیلانەكە سەرنەگرێت


KNN قۆناغی دووەمی پیلانی سەرانی پارتی و یەكێتی بۆ دوای هەڵبژاردن ئاشكرادەكات، ئەویش كەمكردنەوەی موچەیە لەرێگای برینی زۆرینەی دەرماڵەكانەوە، سەرۆكی لیستی گۆرانیش دەڵێت، مامۆستایان و فەرمانبەرانیش رایدەگەیەنن، ئەو خەونەی پارتی و یەكێتی لەگۆڕ دەنێن و بە دەنگەكانیان كۆتایی بە زۆرینەی پەرلەمانی ئەو دوو هێزە دەهێنن.


دوای سێ‌ ساڵ لە برینی موچەی فەرمانبەران لەژێر ناوی پاشەكەوتدا، دوو نوێنەرەكەی بنەماڵەكان لەناو حكومەتدا نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی، لەئێستاوە پلانی ئەوەیان داناوە ئەگەر زۆرینەی كورسیەكانی پەرلەمان بەدەستبهێنن، نەك موچە فەوتاوەكان و پاشەكەوت ناگێڕنەوە و بەڵكو لەریگای برینی دەرماڵەكانەوە ئەوەندەی تر موچە كەمدەكەنەوە.

عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی لیستی گۆڕان بە KNN وت، تا گۆڕان لە پەرلەمان بێت رێگا نادەن پارتی و یەكێتی دەستكاری موچەی فەرمانبەران بكەن.

بێزاری و نیگەرانی مامۆستایان و فەرمانبەران بەرامبەر ستەمی پاشەكەوتی موچە رۆژ بەرۆژ زیاتر دەبێت، ئەوان دەڵێن، قسەی كۆتایی خۆیان لەسەر سندوقەكانی دەنگدان دەكەن و بە پارتی و یەكێتی دەڵێن، چیتر ئێوە شایستەی ئەوە نین حوكمی كوردستان بكەن.

لە ساڵی 2016 وە پارتی و یەكێتی دەستیان كرد بە بڕینی موچەی فەرمانبەران و لەو كاتەوە تائێستا بەڵێن بە خەڵكی كوردستان دەدەن كە پاشەكەوت ناهێڵن، بەڵام نەك ئەو بەڵێنەیان نەبردە سەر ئێستا پلانیان ئەوەیە بەیەكجاری ستەمی پاشەكەوتی موچە جێگیر بكەن.

1491 جار خوێندراوەتەوە