موقتەدا سەدر: رێككەوتن كراوە بۆ كاندیدكردنی چەند كەسایەتیەك بۆ سەرۆك وەزیران

12:33 - 14/09/2018
عێراق

موقتەدا سەدر: دەبێت سەرۆك وەزیرانی داهاتوو  وەزیرەكانی دوور لە دابەشكاری حیزبی و تائیفی هەڵبژێرێت

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رایدەگەیەنێت، رێككەوتنێك لە بارەی دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی داهاتوی عێراق ئاشكرا دەكات، هەرەشەی بوونە ئۆپۆزسیۆنیش دەكات، ئەگەر لایەنە سیاسیەكان دژی بنەماكانی ئەو رێككەوتنە بوەستنەوە.

سەدر، لە تویتێكدا رایگەیاند: لەگەڵ گەورەكانی عێراق رێككەوتووە بۆ كاندیدكردنی چەند كەسایەتییەكی تەكنۆكرات و سەربەخۆ بۆ سەرۆكایەتی وەزیران، بێ ئەوەی ناوی هیچكام لەو كەسایەتیانە ئاشكرابكات.

موقتەدا سەدر، راشیگەیاند: بەبڕیارێكی عێراقی لەسەر ئەوە رێككەوتوون، كە دەبێت كاندیدی سەرۆكایەتی وەزیران وەزیرەكانی دوور لە دابەشكاری حیزبی و تائیفی و نەژادی خۆی هەڵبژێرێت.

سەدر رەخنەی لە بەشێك لە لایەنە سیاسیەكان گرتوە و رایگەیاندوە، بەشێك لە سیاسییەكان پەلە دەكەن لە رەتكردنەوەی بیرۆكەی سەرۆك وەزیرانی سەربەخۆ و تەكنۆكرات بۆ ئەوەی عێراق بگەڕێننەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم، هەرەشەی گرتنبەری رێگای ئۆپۆزسیۆنیشی كردووە، ئەگەر بێت و ئەو لایەنانە بەو شێوەیەی ئێستا بەردەوام بن.

1602 جار خوێندراوەتەوە