ساڵێک بەسەر سوێندخواردنی پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستاندا و ناکارایی
پەرلەماندا تێپەڕی و جوانڕۆ محەممەد پەرلەمانتاری گۆڕانیش دەڵێت: هەمووان خەتابارن
لەو دۆخەی هەیە و ناکارایی پەرلەمان و پێکنەهاتنی حکومەت ناهەقیی بەرامبەر خەڵک و
دەنگدەر و شەرمەزارییە.
هەواڵ:KNNC
ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر
سوێندخواردنی پەرلەمانتارانی کوردستاندا تێپەڕی، جوانڕۆ محەممەد ئەندامی پەرلەمانی
کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕانیش بابەتێکی بڵاوکردەوە و بۆچوونی خۆی لەوباریەوە ڕاگەیاندوە،
جوانڕۆ محەممەد دەڵێت:
"ساڵێک لەمەوبەر لە 2ی کانونی یەکەم-12ی 2024دا، بە ئومێدی نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینەی
هاونیشتمان، بە هیوای دەرچواندنی یاسای باش و هەموارکردنەوەی یاسا پێویستەکان، بە
نیازی چاودێری کارەکانی حکومەت و بەدواداچون بۆ کێشە و ئاریشەکان، بە دەیان نیەتی
چاکی دیکە، کە لە هەگبەدا خێر و خزمەتی خەڵکە خۆشەویستەکەمانی تێدابو؛ سوێندی یاساییم،
وەک ئەندامی پەرلەمانی کوردستان خوارد.
وتوشییەتی"ئێستا،
کە ساڵێک بەسەر ئەو مێژوەدا تێدەپەڕێ، لە بەردەم دادگای خەڵک و دەنگدەرانمان؛ بە شەرمەوە
ئەم پەیامە دەنوسم، کە لە دەرەوەی ویست و ئیردەی سیاسیی ئێمە، پەرلەمان بە ناکارایی
مایەوە و کابینەی وەزاری پێکنەهات، ئەمەش لەلایەک بێبەهاکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنە،
لەلایەکی دیکە لێدانە لە شکۆی دەسەڵاتی یاسادانان و ناحەقیەکی ڕوون و ئاشکرایە بەرامبەر
ئیرادەی خەڵک و دامەزراوە شەرعیەکانی هەرێم".
لە بەشیکی قسەکانیدا پەرلەمانتارەکەی
گۆڕان ئاماژەی بەوەداوە، "لەم ساڵەدا ئەوەندەی لە چوارچێوەی توانا و دەسەڵاتی
تاکەکەسیمان بووە؛ تەسلیمی واقعی سەپێندراو نەبوم و لە دەرەوەی پەرلەمان ئەوەی لە
دەستم هاتووە خزمەتی پێویستم، وەک ئەرکێک، بەجێگەیاندوە. هیواداریشم بە زوویی حیزبە
دەسەڵاتدارەکان بەرژەوەندیە حیزبیەکانیان تێپەڕێنن و پەرلەمان کارا بکرێتەوە و کابینەی
حکومەت دروست بکرێت، ئەمەش کەمترین ئەرک و خزمەتێکە، کە شایەنی میللەتەکەمان بێت".
لە کۆتاییدا جوانڕۆ
محەممەد ڕرونی کردوەتەوە کە"هەموو کەس دەزانێت کاراکردنی پەرلەمان بە تاقە دەنگێک
ناکرێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە خۆمان لە بەرپرسیارێتی بدزینەوەو هەمومان خەتابارین.
بەڵام بەڵێن دەدەم پابەندبم بەو سوێندەی خواردوومەو بەو بەڵێنەی بە دەنگدەرانم داوە،
وەک هەمیشە دەنگی هەق دەبم..."
109 جار خوێندراوەتەوە