هاونیشتمانیان ..
هاوڕێیان و گۆڕانخوازان ..
ئاشکراکردنی ئەنجامی نافەرمی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەرخەری ڕاستی و دروستی بڕیاری جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانە، ڕێژەی بایکۆت و دەنگی زۆرینەی پوچەڵ کێشی زۆرینەی ڕەهایە بەرامبەر هەمو هێزە سیاسیی دیکە.
بەرزیی ڕێژەی بایکۆت و دەنگی پوچەڵ لە سێ پارێزگاکەی هەرێم، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر بێ متمانەیی خەڵک بە دەسەڵات و پڕۆسەی هەڵبژاردن، ئەمەش نیشانەی ناڕەزایەتییەکی قووڵی سیاسی و ڕەتکردنەوەیە لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
ئێمە لە بزووتنەوەی گۆڕان،لە پارێزگاکانی هەرێم بایکۆتی ئەم هەڵبژاردنەمان کرد، چونکە پێمان وابوو پڕۆسەکە، لە بنەڕەتەوە خزمەت بە گۆڕانکاری ناکات و تەنها سەنگەرەکانی هێزی دەسەڵات قایمتر و بەرەی ئۆپۆزسیۆن و ناڕازیی لاوازتر دەکات.
بە بەشدارینەکردنمان، ڕەوایەتیمان نەدا بە پڕۆسەیەک، کە بەنیاز بوو دەسەڵات بەهێز بکاتەوە و سیستمی حوکمڕانیی خۆسەپێن بەردەوامی پێدا بدات. هەربۆیە، بایکۆتی هاونیشتمانیان، درێژکراوەی هەڵوێستی ئێمەیە، کە ڕەتکردنەوەی شەرعیەتە، بەو سیستمەی، کە ئیرادەی ڕاستەقینەی خەڵک پشتگوێ دەخات.
لە کۆتایدا، پێویستە دەسەڵات لەهەرێم بایکۆت و سوتاندنی دەنگەکان، وەک کارتی سوری ناڕەزایەتی ببینێت، ئەوانەی بایکۆتیان کرد و ئەوانەشی لەژێر فشار دەنگیان دا، بەڵام دەنگەکانیان سوتاند، تەنیا وەک ژمارەیەکی ئاماری نەبینێت، بەڵکو ئەم ئەنجامە پرسیاری ڕژدە، لەسەر ڕەوایەتی سیاسیی و ئەوەی لە داهاتودا ڕوودەدات، لێرەوە ڕووی دەممان دەکەیەنە هەموو ئەوانەی، کە بڕوایان بەوە هەیە نوێنەرایەتی دەنگی ناڕازی و پوچەڵ دەکەن بۆ ئەوەی بەرەیەکی بەرفراوانی ناڕازی گشتی لەپێناو چاکەی گشتی دروست بکەین.
بزووتنەوەی گۆڕان
١١ی ١١ی ٢٠٢٥
528 جار خوێندراوەتەوە