د.فازڵ نەبی: بەغداد بە مەرجی تەوتین موچە دەنێرێت

KNN : Kurdish News Network
04:21 - 03/02/2025
کوردستان
+
-

بریكاری پێشوی وەزارەتی دارایی باسی رێككەوتن لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم  دەكات و دەڵێت: بەغداد موچەی مانگی یەك دەنێرێت، بەڵام بۆ مانگەكانی داهاتو بە مەرجی ئەلیكترۆنیكردن رادەستكردنی داهاتی ناوخۆ پارە دەنێرێت.


هەواڵ: (KNNC)


لەبەرنامەی رۆژەڤی كەناڵی (KNN)ـدا كە ئەمشەو كاتژمێر (10:00) بەكاتی هەرێمی كوردستان پەخش دەكرێت د.فازڵ نەبی، بریكاری پێشوی وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند: رێككەوتن لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم جێگای دڵخۆشییە و كاریگەری لەسەر چارەسەركردنی كێشەی موچە دەبێت.


لەسەر چارەسەری كێشەی لیست و كاتی هاتنی موچە، وتیشی: كێشە تەكنیكیەكانی لیستی موچە چارەسەركراوە و بڕیار وایە لە كۆتایی ئەم هەفتە یان سەرەتای هەفتەی داهاتو بەغداد موچەی مانگی یەك بنێرێت.


رونیكردەوە كە وەزیری دارایی عێراق پێی وتوە؛ "موچەی مانگی یەك دەنێرێت، بەڵام بۆ مانگەكانی داهاتو مەرجیان هەیە" كە مەرجەكانیش لە بەئەلیكترۆنیكردن (توطین)ـی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، هەروەها رادەستكردنی داهاتی ناوخۆ پێكهاتون، بەڵام ویستی حكومەتی هەرێم ئەوەیە كە خۆی موچە دابەشبكات.


د.فازڵ نەبی، راشیگەیاند: تا ئێستا شاندی هەرێم و بەغداد لەسەر هاوتاكردنی موچەی خانەنشینی نەگەیشتونەتە رێككەوتن، بەڵام ئەو فەرمانبەرانەی لەساڵی (2025) خانەنشین دەبن، بەغداد (12) موچەیان بەسەر یەكەوە بۆ خەرج دەكات.


بریكاری پێشوی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوشكرد، كێشە داراییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد زۆرن و بە ئاسانیی چارەسەر نابن، هەروەها لە ناو یاسای بودجەی گشتیدا بڕگە و ماددەی تێدایە كە دژی هەرێمی كورستانە.

1810 جار خوێندراوەتەوە