سەرۆکی دەستەی ناوچە
کوردستانییەکان رایگەیاند، دەبێت سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە کەرکوک و ناوچە
کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دوابخرێت.
هەواڵ:KNNC
فەهمی بورهان، سەرۆکی
دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی
رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ماوەی حەوت ساڵدا حەوت گەڕەکی نوێ بۆ عەرەبەکان لە کەرکوک
دروستکراوە و زیاتر لە 600 هەزار عەرەب هێنراونەتە شارەکە و ئەوەش درێژەپێدەری پڕۆسەی
تەعریبە.
وتیشی: زیاتر لە 200 هەزار
خێزان کەرکوک و ناوچەکانی دیکەی دەرەوەی هەرێم-ـیان بەجێهێشتوە، تورکمانەکانیش
هاوشێوەی کورد کێشەیان لەگەڵ سەرژمێری هەیە.
فەهمی بورهان دەڵێت: دەبو سەرژمێری گشتی دانیشتوان لەکاتێکدا ئەنجامبدرایە لانیکەم بەشێک لە بنەماکانی
ماددەی 140 جێبەجێبکرایە یاخود، ئەوکات پرۆسەکە ئەنجامبدرایە چونکە، لەروی دەستورییەوە
هێشتا دۆخی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان ئاسایی نەبوەتەوە.
داواشی لە ئاوارەکانی
شنگال، کەرکوک خانەقین، دوزخورماتو و دبز لەکاتی خۆیدا بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان
بۆ ئەوەی سەرژمێری بکرێن و کوردانی شاری کەرکوکیش لەرۆژی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی
بگەڕێنەوە شارەکەیان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر
سەرژمێری ساڵی 1957 نەکرێتەوە بنەمای سەرژمێری گشتی لە کەرکوک و خانەقین و شنگال
نابێت ڕێگە بە ئەنجامدانی سەرژمێری لەو ناوچانە بدرێت، بەوتەی فەهمی بورهان، لە بیستەکانی
سەدەی ڕابردوەوە هەر سەرژمێرییەک ئەنجامدرابێت بۆ مەبەستی سیاسیی و بچوککردنەوەی هەرێمی
کوردستان بوە.
بڕیارە رۆژانی 16 بۆ
20ی ئەم مانگە سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بەڕێوەبچێت.
583 جار خوێندراوەتەوە