ماوەى سێ رۆژە
ئیسماعیل قائانى فەرماندەى فەیلەقى قودسى سوپاى پاسدارانى ئێران ونە، سێ بەرپرسیى
وڵاتەکەش بە رۆژنامەیەکى ئەمەریکییان وتوە، کۆتاجار هەفتەى رابردو لە لوبنان
بینراوە.
بەپێى هەواڵێکى رۆژنامەى نیویۆرک تاییمزى
ئەمەریکى، ئیسماعیل قائانى، فەرماندەى فەیلەقى قودسى سوپاى پاسدارانى ئێران کۆتا
جار هەفتەى رابردو لە لوبنان بینراوە و لەوکاتەوە چارەنوسى نادیارە.
ئەو بەرپرسە ئێرانییانە ئاماژەیان بۆ ئەوەکردوە
کە سەردانەکەى قائانى بۆ لوبنان بۆ بەشداریکردن بوە لە کۆبونەوەیەک لەگەڵ
بەرپرسانى حیزبوڵا بەهۆى هێرشەکانى ئیسرائیل بۆسەر وڵاتەکە.
هەروەک ئەندامێکى سوپاى پاسداران بە رۆژنامە
ئەمەریکییەکەى وتوە کە بێدەنگى ئێران لەبارەى دیارنەمانى قائانییەوە ترسى لەنێو
ئەندامانى هێزە سەربازییەکان دروستکردوە، بەڵام هیچ یەکێک لەو بەرپرسانە بە رونى و
ئاشکرا باسیان لە چارەنوسى قائانى نەکردوە.
لاى خۆیەوە، ئاژانسى ئیسنا-ى ئێران لە زارى
سەرچاوەیەک لە سوپاى پاسدارانەوە بڵاویکردوەتەوە کە قائانى لە تارانە و گەشتى بۆ
لوبنان نەکردوە و میدیاکانى وڵاتەکەش باس لەوە دەکەن کە رایگشتى وڵاتەکەیان
چاوەڕێی هەواڵى سەلامەتیی ئیسماعیل قائانییەوە و دڵنیاییان دەوێت لە سەلامەتیی
ژیانى.
پرسى ونبونى قائانى
بوەتە رۆژەڤى میدیا جیهانییەکان، رۆژنامەی (الجریدە)ى
کوەیتى لەوبارەیەوە کۆمەڵێک زانیارى ئاشکرا کردوە و ئاماژەى بۆ ئەوەکردوەکە قائانى
لەکاتى تەقینەوەکەدا لەناو بیناى کۆبونەوەکەدا نەبوە و بەهۆیەوە شان و سنگ و قاچى
بریندار بوە و لە ئێستادا لە تاران چارەسەرى پزیشکى وەردەگرێت.
شەوى پێنجشەممە، سوپاى ئیسرائیل کۆبونەوەیەکى
لە باکورى بەیروت بە ئامانجگرت، کە لەو کۆبونەوەیەدا چەند فەرماندەیەکى حیزبوڵا و
ئێرانى تێدابو، لەوکاتەوە چارەنوسى ئیسماعیل قائانى، فەرماندەى قەیلەقى قودسى
سوپاى پاسدارانى ئێران نادیارە و بەشێک لە میدیاکانیش ئاماژە بۆ برینداربونى
دەکەن، بێ ئەوەى ئەو زانیارییە پشتڕاست بکرێتەوە، هەر لەو تەقینەوەیەشدا کە 73 تۆن بۆمبى تێدا بەکارهێنرابو هاشم سەفیەدین، کە بڕیاربو ببێتە جێگرەوەى حەسەن
نەسروڵا، کوژرا.
ئیسماعیل قائانى کێیە؟
لە کۆتایی ساڵى 50کانى سەدەى رابردو لەدایکبوە
زۆرینەى ژیانى کارکردنى چاودێریکردنى
بەرژەوەندییەکانى ئێران لە ئەفغانستان بوە
کەمێک بە زمانى عەرەبى دەتوانێت قسە بکات و ساڵە 1980 چوەتە ریزەکانى
سوپاى پاسداران
یەکێک بوە لە فەرماندە دیارەکانى شەڕى هەشت ساڵەى نێوان عێراق و ئێران
وەرگێڕان/ باڵا ئاکۆ
سەرچاوە/ سکاى نیوز عەرەبى
1819 جار خوێندراوەتەوە