دادگای لاهای بۆ مەنگۆلیا: رۆژی سێشەممە پوتین دەستگیر بکەن

KNN : Kurdish News Network
08:30 - 31/08/2024
جیهان
+
-

دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان ناسراو بە لاهای، رایگەیاندوە دەسەڵاتدارانی مەنگۆلیا پێویستە پابەندبن بە دەستگیرکردنی ڤلادیمێر پوتین-ی سەرۆکی روسیا ئەگەر سەردانی ئەو وڵاتە بکات.

 

هەواڵ:KNNC


کەناڵی (بی بی سی)بەریتانی بڵاویکردوەتەوە دادگای لاهای کە تایبەتمەندە بە تاوانە نێودەوڵەتییەکان و بنکەکەی لە لاهای پایتەختی هۆڵەندایە، داوای لەوڵاتی مەنگۆلیا کردوە  رۆژی سێشەممە پۆتینیان بۆ دەستگیر بکەن.

 

داواکارییەکەی لاهای لەدوای ئەوە دێت کۆشکی کرملین رایگەیاندوە، رۆژی سێشەمە کە دەکاتە 3ـى ئەیلول سەرۆکەکەیان لەسەر بانگهێشتی دەسەڵاتدارانی مەنگۆلیا سەردانی ئەو وڵاتە دەکات.

 

 

لە مانگی ئازاری ساڵی 2023 دادگای لاهای فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەرۆکی روسیا  بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە شەڕی ئۆکرانیادا دەرکرد، راستەوخۆش کۆشکی کرملین بڕیارەکەی ئیدانەکرد و بەنادروستی لەقەڵەمدا و رایگەیاند پاڵنەری سیاسی لەپشت بڕیارەکەوەیە.

 

 

دوای دەرچونی بڕیاری دەستگیرکردنی لەلایەن دادگاکەوە،ئەمە یەکەم سەردانی پۆتین دەبێت بۆ وڵاتێکی ئەندامی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان.

 

 

وتەبێژی دادگای لاهای بە (بی بی سی)راگەیاندوە کە ئەم دامەزراوەیە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی، پشت بە وڵاتانی ئەندام دەبەستێت و فەرمانی دەستگیرکردنەکە لە 124 وڵاتی ئەندامی دادگاکە بونی هەیە.

 

وتەبێژەکەی لاهای رونیکردوەتەوە لەبەر ئەوەی مەنگۆلیاش یەکێکە لەو وڵاتانە، ئەگەر پۆتین سەردانی بکات بڕیارەکە دەسەڵاتدارانی مەنگۆلیا پابەندی دەکات بە دەستگیرکردنی و گواستنەوەی بۆ لاهای بۆ ئەوەی لەوێ دادگایی بکرێت.

 

تەنها دادگای لاهای نییە کە ئەم داوایەی هەیە، بە هەمان شێوە ئۆکرانیا کە لە جەنگی راستەوخۆدایە لەگەڵ وڵاتی روسیا داوای لە مەنگۆلیا کردوە پۆتین دەستگیر بکەن.

 

لەبارەی دەستگیرکردنی پۆتینەوە لەکاتی چونە ناو وڵاتی مەنگۆلیا، دیمیتری پیسکۆڤ، وتەبێژی کرملین بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندوە، هیچ نیگەرانییەک لەئارادا نییە و هەمو ئامادەکارییەکیان کردوە بۆ سەردانەکەی رۆژی سێشەممەی پوتن.

 

جەختیلەوەشکردوەتەوە، هیچ هۆکار و کێشەیەک نییە  بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکە.

2027 جار خوێندراوەتەوە