بەپەلە

عێراق؛ سزاكانی ئەمریكا دژی ئێران ناكۆكی لەنێوان لایەنەكانی شیعە حكومەت دروست دەكات

08:21 - 09/08/2018
عێراق

حەیدەرعەبادی: پابەند دەبین بە سزاكانی ئەمریكا لەسەر ئێران
زۆرینەی لایەنە شیعیەكان پێیان باشە عێراق پابەندی سزاكانی ئەمریكا لەدژی ئێران نەبێت
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بۆ عێراق: دەبێت مامەڵەی بانكی لەگەڵ ئێران رابگرن


لەبارە دەستپێكردنەوەی سزاكانی  سەر ئێران لەلایەن ئەمریكاوە، حكومەتی عێراق‌و لایەنەكانی شیعە ناكۆكن. عەبادی دەڵێت پابەندی سزاكان دەبن و لایەنگرانی تارانیش دژی ئەوەن، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكاش داوا لە بەغداد دەكات مامەڵەی بانكی لەگەڵ ئێران رابگرێت....

سزا نوێیەكانی ئەمریكا لەدژی ئێران، كێشەی لە شەقامی عێراقی دروستكردووە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی رۆژی سێشەممەی رابردوو حەیدەرعەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند ئەوان پشتیوانی گەمارۆكانی ئەمریكا لەدژی ئێران ناكەن، بەڵام بەناچاری پابەند دەبن پێوەی، ئەوەش لە پێناو ئەوەی عێراقیەكان زەرەرمەند نەبن.

وەك پابەندبوونیش بە سزاكانی ئەمریكاوە عێراق ڕووی لە وڵاتانی سعودیە و كوەیت كردووە بۆ كڕینی كارەبا و دەشیەوێت بۆ دابینكردنی پێداویستیەكانی تر پشت بە وڵاتانی كەنداو ببەستێت.

لێدوانەكەی سەرۆك وەزیران دوای ئەوە دێت كە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا نامەیەكی ئاراستەی بانكی ناوەندی عێراق كردوەو تێیدا پابەندی كردوون بە راگرتنی مامەڵەكانیان لەگەڵ بانكەكانی ئێران، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا هەڕەشەی ئەوەشی كردووە كە ئەگەر بەغداد پابەندی ئەو سزایانە نەبێت ئەوە دەخرێتە لیستی رەشەوە و تەواوی پارەكانی عێراق بلۆك دەكرێن.

لەكاردانەوەی هەڵوێستەكەی عەبادیدا لایەنە شیعیەكانی عێراق دژی پابەندبوونی حكومەتن بە سزاكانی واشنتۆنەوە.

نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانیەتی دەوڵەتی یاسا لە بەیاننامەیەكدا سزاكانی ئەمریكای رەتكردۆتەوە و  داواشی  لە حكومەت كردووە نەبێتە بەشێك لە سزاكانی ئەمریكا دژی ئێران، و سزاكانیشی بەپێشێلكردنی ئاشكرای یاسای نێودەوڵەتی وەسف كردووە.

هاوكات گروپی عەسائیبی ئەهلی هەق، سزانوێیەكانی ئەمریكای دژی ئێران بە پێشێلكردنی بنەما مرۆیی و یاساییەكان وەسفكرد،داواشی كردووە عێراق بێلایەن بێت، نیگەرانی خۆشی لە هەڵوێستی حەیدەر عەبادی راگەیاندووە.

هەر لەو بارەیەوە، عەمارحەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند سزا قورسەكانی ئەمریكا دژی ئێران چوونە بواری جێبەجێكردنەوە، ژمارەیەكی زۆر وڵاتیش ئەو سزایانەیان رەتكردۆتەوە.

رەوتی حیكمە جەختی كردوەتەوە لەوەی لۆژیكی گەمارۆ و سزا ناكۆكیەكان ئاڵۆزتردەكات، و كاریگەری نەرێنی دەكاتە سەر ژیانی گەلی ئێرانی و گەلانی ناوچەكە.

فوادمەعسوم سەرۆك كۆماری عێراقیش كە حزبەكەی بەهاوپەیمانی ئێران دادەنرێت، رایگەیاند پێویستە عێراق پشتیوانی لایەنێك دژی لایەنێك نەبێت وتیشی قورسە عێراق بتوانێت پابەندی ئەو سزایانە بێت كە واشنتۆن بەسەر تاراندا دەیان سەپێنێت.

رۆژی سێشەممەی رابردوو ویلایەتەیەكگرتووەكان ژمارەیەك سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند كە بوارەكانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و كەرتی دارایی كۆماری ئیسلامی كردەئامانج، بڕیاریشە لەمانگی تشرینی دووەمی داهاتوو، ئەمریكا ژمارەیەك سزای نوێ بەسەر ئێراندا بسەپێنێت كە كەرتی وزە و هەناردەكردنی نەوت لەخۆبگرێت.

1926 جار خوێندراوەتەوە