حكومەتی هەرێم گەنجان لە نیشتمان دەتۆرێنێت

08:19 - 09/08/2018
کوردستان

زیاتر لە پێنج هەزار گەنجی كورد لە توركیان و دەیانەوێت بچنە ئەوروپا
دوو هەزار گەنجی ئیدارەی راپەڕین لە توركیان دەیانەوێت بچنە ئەوروپا


ڕۆژ لە دوای ڕۆژ شەپۆلی كۆچی گەنجان بۆ ئەوروپا هەڵدەكشێت ‌و بەپێی ئامارێك لە ئێستادا زیاتر لە 5 هەزار گەنجی كورد كە دوو هەزاریان خەڵكی سنوری ئیداری ڕاپەڕینن لە وڵاتی توركیان ‌و دەیانەوێت خۆیان بگەیەننە ئەوروپا.


 قەیرانی دارایی و بێباكی حكومەت لەڕەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجان لە كەرتی گشتی ‌و تایبەتدا وایكردوە  بیر لەوەبكەنەو وڵات بەجێبهێڵن‌و ڕوو لەدەرەوە بكەن.

بەردەوامی قەیرانە دروستكراوەكان ‌و نەبونی هەلی كار‌و بێ‌ باكی حكومەت، دڵی گەنجانی لە كوردستان ڕەنجاندوە ‌و لەئێستاشدا شەپۆلێكی دیكە كۆچكردن دەستیپێكردوەتەوە.

شەپۆلی كۆچ زیاتر لە چوار ساڵە بەردەوامی هەیە، لە ئێستادا زیاتر لە پێنج هەزار گەنجی كورد لە توركیان و دەیانەوێت خۆیان بگەیەننە ئەوروپا، لەو ژمارەیە دوو هەزار كەسیان خەڵكی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕینن.

ئەوانەی رێگەی هات ‌و نەهاتی ئەوروپایان بینیوە ‌و دواجاریش دیپۆرتكراونەتەوە، پێیانباشە گەنجان ئارام بگرن ‌و ئومێد لە دەستنەدەن، ئەوان كە تاڵی رێگەی كۆچیان چەشتوە بەجێهێشتنی نیشتمان بە چارەسەر نازانن.

بەپێی ئامارەكانی فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەران لە عێراق و هەرێمی كوردستان لەماوەی شەڕی داعشەوە تاوەكو ناوەڕاستی ئەمساڵ، 550 هەزار هاوڵاتی عێراقی كۆچیان بۆ وڵاتانی ئەوروپا كردووە, لە ناوەڕاستی ساڵی 2017 تاوەكو ناوەڕاستی ئەمساڵ 65 هەزار و 205 پەنابەری عێراق داوای مافی پەنابەرێتیان كردووە.

هەربەپێی ئامارەكان لە حەوت ساڵی ڕابردوودا 278 پەنابەر بە ڕێگای جۆراوجۆر گیانیان لەدەستداوەو بێسەرو شوێنبوون, لەو ڕێژەیەش تەرمی 145 كەسیان هێنراوتەوە و 133 كەسیان نادیارە.

1838 جار خوێندراوەتەوە