بێ متمانەیی هاوڵاتیان بە دەسەڵات بازاڕی سست كردووە

04:37 - 09/08/2018
ئابوری

سلێمانی؛ هاوڵاتیان و كاسبكار نیگەرانن لە دۆخی بازاڕ
ئابوریناسێك: بارودۆخی سیاسی و ئابوری هەرێم بێ متمانەیی دروستكردووە


بەهۆی بێ‌ پلانی و بێ‌ خەمی دەسەڵات لە دۆخ و ژیانی خەڵك، جوڵەی بازاڕ سست بووە، هاوڵاتیان ‌و كاسبكاران دەڵێن: متمانەیان بە دەسەڵات نیە دۆخی بازاڕ باش بكات ‌و بەهۆی ناجێگیری رەوشی سیاسیشەوە بازاڕی سەقامگیر نیە، ئابوریناسێكیش دەڵێ‌ ئەو جوڵەی لە بازاڕ هەیە  بەهۆی گەشتیارانی ناوەڕاست و خواروی عێراقەوە.


ئاهێك بەبەر دۆخی ئابوری كوردستان، لەچاو ساڵی رابردوودا هاتوەتەوە، بەڵام ئەوە تێبینی دەكرێت، تا دێت دۆخی بازاڕ لاوازترە و سست تربووە لە چاو ساڵی رابردوو..

KNN دەچێتە لای كاسباكاران و لەسەر لاوازی جوڵەی بازاڕ دەیاندوێنێ‌، ئەوان دەڵێن، دۆخی سیاسی كە نا سەقامیگرە، هۆكارێكی سەرەكییە بۆ سستی بازاڕ، هەروەها دەشڵێن، هاوڵاتیان متمانەیان بە دەسەڵات نیە بۆ باشكردنی دۆخەكە.

سەرەڕای ناسەقامگیری سیاسی لە هەرێم، هۆكارێكی دیكەی لاوازی بازاڕ، چارەكە موچەیە، بە جۆرێك بەشێكی موچەخۆران، بە لە بەكاربەری سەرەكییەوە ئێستا  بونەتە كاسبكار و بەوهۆیەشەوە فشار لەسەر بازاڕ دروست بووە و خواستی كڕینی كەمكردوەتەوە.

بەشێك لە هاوڵاتیان و فرۆشیاران باس لە كێشەیەكی دیكە دەكەن كە ئەویش بێ‌ ئاگایی سیاسییەكان لە دۆخی خەڵك و بوونی بۆشاییەكی زۆری ئەوانە لەگەڵ هاوڵاتیان و چینی هەژاران.

ئابوریناسێكیش هۆكارەكانی لاوازی بازاڕ رووندەكاتەوەو پێشی وایە، كە ئەو جوڵە كەمەی ئێستا لە بازاڕ بەدیدەكرێت بەهۆی ئەو گەشتیارانەی ناوەڕاست و باشوری عێراقەوەیە كە ئێستا لە بازاڕەكاندان.

سەرەڕای هەوڵەكان بۆ بوژنەوەی بازاڕ و جموجۆڵی بازرگانی و كڕین و فرۆشتن بەڵام جوڵەی بازاڕ لە ئاستی پێویستدا نیە و باشتر كردنی دۆخەكە پێویستی بە نیەت و هەوڵی جدی و هەمەلایەنە هەیە لە تەواوی سێكتەرەكاندا.

1299 جار خوێندراوەتەوە