ململانێی‌ سائیرون ‌و ده‌وڵه‌تی‌ یاسا بۆ پۆستی‌ سه‌رۆك وه‌زیران چڕتر ده‌بێته‌وه‌

01:09 - 09/08/2018
عێراق

وته‌بێژی‌ سه‌در: ده‌وڵه‌تی‌ یاسا ده‌یه‌وێت سائیرون دووربخاته‌وه‌  

وته‌بێژی‌ رێبه‌ری‌ ره‌وتی‌ سه‌در رایده‌گه‌یه‌نێت، ئیئتیلافه‌كه‌ی‌ مالیكی‌ ده‌یه‌وێت گه‌وره‌ترین كوتله‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ پێكبهێنێت و كاندیدی‌ سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستنیشان بكات.

سه‌ڵاح عوبه‌یدی‌، وته‌بێژی‌ موقته‌دا سه‌در رایگه‌یاند, ئێستا تێڕوانیی‌ هه‌ردوو به‌ره‌ی‌ شیعه‌ له‌باره‌ی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت تا ڕاده‌یه‌كی‌ زۆر روونبوه‌ته‌وه‌. ده‌ڵێت سائیرون لێكگه‌یشتنی‌ باشی‌ له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی‌ حیكمه‌ی‌ عه‌مار حه‌كیم و وه‌ته‌نیه‌ی‌ ئه‌یاد عه‌لاوی‌ هه‌یه‌.

عوبه‌یدی‌، وتیشی‌: ده‌وڵه‌تی‌ یاسا ده‌یه‌وێت به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت سائیرون له‌پێكهێنانی‌ حكومه‌ت دووربخاته‌وه‌.  

وته‌بێژی‌ موقته‌دا سه‌در ناكۆكی ‌و نیگه‌رانی‌ خۆیانی‌ له‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا ناشارێته‌وه‌‌و ده‌ڵێت: ره‌خنه‌یان به‌رامبه‌ریان هه‌یه‌ له‌نه‌بونی‌  به‌رنامه‌یه‌كی‌ ڕوون ‌و ئاشكرایی‌ سیاسی ‌و هه‌روه‌ها ماوه‌ی‌ حوكمڕانیی‌ مالیكی‌ له‌ پۆستی‌ سه‌رۆك وه‌زیران مایه‌ی‌ نیگه‌رانی‌ بووه‌.

سه‌لاح عوبه‌یدی‌، حوكمڕانیكردنی‌ عه‌بادی‌ به‌باشتر ناوبرد‌و وتی‌: ده‌كرێت به‌شداربێت له‌پێكهێنانی‌ گه‌وره‌ترین كوتله‌ی‌ په‌رله‌مانیی‌.

745 جار خوێندراوەتەوە