سلیمانی؛ ژنە دیزاینەرێکی جلوبەرگی کوردی ماڵەکەی دەکاتە مۆزەخانە

08:35 - 05/08/2018
گەلەری

ژنە دیزاینەرێکی جلوبەرگی کوردی لە شاری سلێمانی رۆژانە سەرقاڵی دیزاینکردن و دوورینی جلوبەرگی کوردییە و کارەکانی لە زۆربەی پێشانگا و بەرنامەکان نمایش دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ماڵەکەی کردووەتە مۆزەخانەیەکی کەلەپووری کۆنی کوردەواری و بە سەدان پارچەی کەلوپەلی کۆن ماڵەکەی رازاندووەتەوە.

ھەوار محەمەد سدیق ئافرەتێکی تەمەن ٤٦ ساڵانی دانیشتووی شاری سلێمانییە، ئەو ماوەی ٩ ساڵە سەرقاڵی کاری دیزانیکردن و دوورین و چنینە، بۆ جلوبەرگی کوردی ئافرەتان و بە ھۆی سەرنجڕاکێشی کارەکانییەوە لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی دەرەوەش داواکاری و خواست لەسەر کارەکانی ھەیە.

 

ھەوار محەمەد سدیق لە بارەی کارەکەیەوە راگەیاند: "ماوەی ٩ ساڵە سەرقاڵی ئەم کارەم، سەرەتا دایکم ئەم کارەی کردووە و جلوبەرگی کوردی دووریوە و کاری دیزاینی بۆ کردووە، منیش درێژەم بەو کارەدا و ئێستا وەک پیشە و بژێوی سەرەکی خۆمی لێھاتووە".

 

ئەو تا ئێستا نزیکەی ٣٠٠ جۆر دیزاینی بۆ جلوبەرگی کوردی کردووە، زیاتر لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئینتەرنێتەوە کارەکانی دەناسێنێت.

 

دەشڵێت: بەشداری دەیان پێشانگای گەورە و بەرنامەی تایبەت بە جلوبەرگ و دیزانینی کردووە، ھەروەھا سپۆنسەری جلوبەرگی چەندین بەرنامەی کردووە کە لە کەناڵەکانی راگەیاندن پێشکەش دەکرێن.

 

نرخی بەرھەمەکانی ئەم دیزاینەرە تا رادەیەک زۆرە و بەو ھۆیەوە نرخی کارەکانی لە ١٠٠ دۆلارەوە دەست پێدەکات بۆ سەرەوە.

11335 جار خوێندراوەتەوە