وێنە؛ ئەو گۆڕانەى مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر

KNN : Kurdish News Network
02:20 - 19/09/2022
گەلەری

مەزەندەی ئەوەی دەکرێت گۆڕەکانی ئەندامانی 12ەمین خانەدانی فیرعەونەکان ئەمینهۆتەپ و خنۆمهۆتەپی چوارەم لە 2055-1650 پێش زاین دروست کرابێت.

ئەو گۆڕستانەی مێژووەکەی بۆ چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە باشووری شاری مینیاوە دوورە لە میسر، گوزارشت لە مێژووی رازئامێزی میسرییە دێرینەکان دەکات.

گۆڕەکانی ئەندامانی 12ەمین خانەدانی فیرعەونەکان ئەمینهۆتەپ و خنۆمهۆتەپی چوارەم، بە پێکهاتەی تەلارسازی و وێنە سەرنجڕاکێشەکانی سەر دیوارەکان بوونەتە جێی سەرنجی گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی.

مەروە مورسی کە وەک گەشتیارێک سەردانی ناوچەکەی کردووە راگەیاند کە پێکهاتەی تەلارسازی گۆڕەکان و وێنەى سەر دیوارەکان ئەفسوناوین و وتی: "وەک بڵێی سەردانیکەر دەست دەکات بە گەشتێکی چێژبەخش بە قوڵایی مێژوودا. چەندان شوێنەواری مێژووی گرنگ و لێکنەچوو لە وڵاتەکەماندا هەن. وێنەی سەر دیواری گۆڕەکانی ئێرە هەریەک و واتایەکی جیاوازی هەیە و هیچیان لەیەک ناچن، هەروەها هەڵکۆڵینی گۆڕەکانیش لەنێو چیادا، هێندەی دیکە گۆڕستانەکەی سەرنجڕاکێش کردووە".

وێڕای تێپەڕینی چەندین سەدە، کەچی وێنەی سەر دیواری گۆڕەکانی ئەندامانی 12ەمین خانەدانی فیرعەونەکان ئەمینهۆتەپ و خنۆمهۆتەپی چوارەم هێشتا نوێیى خۆیان پاراستووە. لە وێنەکاندا جگە لە ژیانی ئاسایی رۆژانە، چەندین پیشەی جیاوازی وەک کشتوکاڵی، دارتاشی، گۆزەکاری و تیروکەوان دەبیندرێن.

کۆروڵوس مەجدی کە یەکێکی دیکە لەو کەسانەی لەسەر پێشنیازی هاوڕێکانی سەردانی گۆڕستانەکەی کردووە، وتی: "هەرچەند گەیشتن بە ئێرە زەحمەتیش بێت، بە بۆچوونی من پێویستە هەموو کەسێک بێتە ئێرە و بیبینێت. جگە لە وێنەی سەر دیواری گۆڕەکان، هەروەها نووسراوە مێژووییەکان بە زمانی میسری کۆن دەبنە هۆی تامەزرۆیی سەردانیکەران".

211 جار خوێندراوەتەوە