سەرۆک وەزیرانی سوید دوای دۆڕانی لە هەڵبژاردنەکان دەست لەکاردەکێشێتەوە

KNN : Kurdish News Network
08:49 - 15/09/2022
جیهان

سەرۆک وەزیرانی سوید، ماگدالێنا ئاندێرسن ئاشکرایکرد کە دۆڕان له‌ هەڵبژاردنه‌كان قبوڵ دەکات و سبەینێ دەست لەکار دەکێشێتەوە.

لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات، ماگدالێنا ئاندێرسن، دۆڕانی لە هەڵبژاردنەکانی 11ی ئەیلوول قبوڵ کردووە و سبەینێ دەست له‌ سەرۆکایەتی وەزیران دەکشێنێتەوە.

ئاندێرسن وتى، "سبەینێ داوای وازهێنانم لە ئەرکی سەرۆکایەتی وەزیران پێشکەش دەکەم. بەرپرسیارێتی دەدرێتە دەست پەرلەمان و سەرۆکایەتی پەرلەمان. رێزگرتن لە هەڵبژاردنی گەلی سوید و دیموکراسی ئەمەی پێویستە".

هەروەک جەختى کردەوە، بەهۆى ئەوەى جەنگى روسیا و ئۆکرانیا و قەیرانى ئابورى و وزە لە نزیک ناوچەکەیانە، پێویستە پەلە بکرێت لە پیکهێنانى حکومەت.

بەپێێ ئامارە نافەرمییەکانی هەڵبژاردنە گشتییەکان، پارتە راستڕەوەکان سەدا 49.6 و حکوومەتی کەمینە و پارتە چەپەکان سەدا 48.9ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.

به‌م پێیه‌ لە کۆی 349 کورسیی پەرلەمان، پەرلەمانتارانی پارتە راستڕەوەکان 176 کورسی و پارتە چەپەکان 173 کورسییان بەدەستهێناوە.

ئەوەی جێگەی سەرنج بوو پارتی راستڕەوی توندئاژۆ، پارتی دیموکراتەکانی سوید، لە هەڵبژاردنەکەدا رێژەی دەنگەکانی بۆ سەدا 20.6 بەرزکردەوە و بوو بە دووەم گەورەترین پارت.

رۆژنامەی ئافتۆنبلادێت، بانگەشەی ئەوەی کرد کە سەرۆکی پارتی پارێزگارانی میانڕەو، ئوڵف کریستەرسن دەبێتە سەرۆکی حکوومەتی نوێ و وەزیری پێشووتری دەرەوە و سیاسەتمەداری بە ئەزموون، کارڵ بیلدت دەبێتە وەزیری دەرەوە.

222 جار خوێندراوەتەوە