ئەوروپاش کارەباى موەلیدەى تێکەوت

KNN : Kurdish News Network
12:40 - 07/09/2022
ڕاپۆرت

هەندێک لە گەورەترین بانکەکانی ئەوروپا ئامادەکارى دەکەن بۆ دابینکردنى کارەباى موەلیدە و خۆیان بۆ بڕینى کارەباى نیشتمانى ئامادە دەکەن.

ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرز بڵاوى کردەوە، لەمەودوا بانکەکانى ئەوروپا پشت بە کارەباى موەلیدە دەبەستن بۆ ڕوناک کردنەوەو پاراستنى سیستمى پاراستنى پارەکانیان و سیستمى پارەدارکردن.

لەگەڵ گوشارەکانى ڕوسیا بۆ گرتنەوەى غازى ڕۆشتو بۆ ئەوروپا، زۆرێک لە وڵاتە ئەوروپیەکان دەیانەوێت دەست و پەنجە لەگەڵ ئەم قەیرانە نەرم بکەن و لە کاتى نەبونى وزەى جێگرەوە ئەوا پێویستە پەنا بۆ کارەباى موەلیدە بەرن بۆ روناک کردنەوەى ماڵ و باڵەخانەو شوێنە گشتییەکان.

بەپێى هەواڵەکە، هەر لە ئێستاوە زۆربەى بانکەکانى ئەوروپا دەستیان کردوە بە ئامادەکارى بۆ ڕوبەڕوبونەوەى قەیرانى وزەو کەمى کارەبا ئەوەش بە کوژاندنەوەى بەشێکى زۆرى گڵۆپى باڵەخانەو شوێنە گشتیەکان.

بانکەکانى ئەوروپا هەر زوو کەوتونەتە خۆیان و خەریکى دابین کردنى موەلیدەن بە تایبەتى ئەو بانکانەى سیستمى ئەى تى ئیم بەکار دەهێنن.

لێکەوتەکانى جەنگى روسیاو ئۆکرانیا هەر زوو لە سەر سیستمى ئابورى وڵاتان دەرکەوت هەر بۆیە بانکەکان زۆرترین ئامادەکارى دەکەن بۆ ڕوبەڕوبونەوەى ئەم قەیرانە.

لە کاتێکدا روسیا دابینکردنى غاز بۆ ئەوروپا رادەگرێت، بانکەکانى ئەو کیشوەرە موەلیدە تاقى دەکەنەوە بۆ ئەوەى لە هەر حاڵەتێکى کوژانەوەى کارەباى نیشتیمانى موەلیدەکان کار پێبکەن.

بەپێى هەواڵەکە، بانکەکان هەنگاوی پێویست دەنێن بۆ کەمکردنەوەى قەیرانى وزە، وەک کەمکردنەوەی شوێنی ئۆفیسەکان و یەکخستنی کارمەندان لە بینایەکی کەمتردا، بۆنمونە ئەڵمانیا کار دەکات بۆ ئەوەی ساڵانە 4.9 ملیۆن کیلۆوات کاتژمێر کارەبا کەمبکاتەوە کە ئەوە بەسە بۆ ئەوەی نزیکەی 49 هەزار گڵۆپ بۆ ماوەی یەک کاتژمێر کارەبا بدات.

سەرەڕای ئەوەش، پسپۆڕان ترسیان لەوە هەیە کە کەم کۆمپانیا ئامادە بێت بۆ پچڕانی کارەبای درێژخایەن کە زیاتر لە چەند رۆژێک دەخایەنێت، بەڵام هۆشداریانداوە کە پێویستە بانکەکان بەهۆى گرنگیان لە سیتمى پارەدارکردن، خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەو ئەگەرە بەهێزە.

ئاڤی شنور، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ژێرخانی کارەبا، کە دامەزراوەیەکی راوێژکارییە، ئامۆژگاری دەکات بۆ ئامادەکاری بۆ ئەم جۆرە مەترسیانە و وتی: "پێویستە بانکەکان لە ئێستاوە رێکخستن بکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە دەتوانن تەنانەت لە پچڕانێکی درێژخایەنی کارەباشدا ڕووبەڕووی کێشە نەبنەوە".

لەفەرەنسا BNP Paribas (BNPP.PA) کە گەورەترین بانکە، خەریکی چارەسەرکردنی بەکارهێنانی کارەبایە لە سەرجەم لقەکانى کە نزیکەی 2750 لق و ئۆفیس و ناوەندی داتا کە لە سەرانسەری فەرەنسا و بەلجیکا و ئیتاڵیا کاردەکات.

نرخی غازی ئەوروپا بەرزبووەتەوە دوای ئەوەی كۆمپانیای گازپرۆم  GAZP.MM كە لەژێر كۆنترۆڵی دەوڵەتی روسیادایە رایگەیاند، بۆ ماوەیەكی نادیار داخستنی بۆری گەورەی غازی نۆرد ستریم 1 درێژدەكاتەوە.

ئه‌وروپا روسیای تۆمه‌تبار کرد به‌ چه‌ک کردنی پێداویستییه‌کانی وزه‌ وه‌ک تۆڵه‌ی ئه‌و سزایه‌ی رۆژئاوا که‌ له‌ دوای سه‌رهه‌ڵدانی دوژمنایه‌تی له‌گه‌ڵ ئۆکرانیا به‌سه‌ر مۆسکۆدا سه‌پێنراوه‌. ڕووسیا ئەو سزایانە بە هۆکاری دروستبوونی کێشەی دابینکردنی غاز دەزانێت

لە بەریتانیا بەرزبوونەوەی تێچووی وزە خەریکە بازرگانان و بەکارهێنەران دەخاتە ژێر فشارەوە، کە ڕووبەڕووی هەڵاوسان دەبنەوە.

کۆمپانیای نات وێست NWG.L کە لەلایەن دەوڵەتەوە پشتگیری دەکرێت، وتی بەشێکی زیانە داراییەکانیان کەمکردووەتەوە بە پاراستنی تێچووی داهاتووی وزە.

لەگرنگترین ئەو رێوشوێنانەى کە وڵاتانى ئەوروپا و بەتایبەت ئەڵمانیا گرتویانەتەبەر بۆ کەمکردنەوەى بەکارهینانى وزە ئەمانەن:
 کوژانەوەى روناکییە ناپێویستەکان و روناکییەکانى ریکلام.
کوژانەوەى روناکى باڵەخانەکان
بەکارنەهێنانى سیستمى گەرمکەرەوە لە هۆڵ و راڕەوەکانى بینا و دامەزراوەکان
خۆشۆردن بە ئاوى سارد و کەمکردنەوەى بەکارهێنانى وزە بۆ ئاوى گەرم

 
2854 جار خوێندراوەتەوە