سەرۆکى شارەوانی چوارقوڕنە دواى دەستگیرکردنى ئازادکرا

KNN : Kurdish News Network
02:48 - 16/08/2022
کوردستان

پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ، هێزێکى ئەمنى چونەتە ناو بیناى شارەوانى چوارقوڕنە و دواتر بە کۆمەڵێک مەلەفەوە سەرۆکى شارەوانیان لەگەڵ خۆیان بردووە، بەڕێوەبەرى شارەوانییەکانى ئیدارەى راپەڕینیش رەتیدەکاتەوە سەرۆکى شارەوانى چوارقوڕنە دەستگیرکرابێت.

سەرچاوەیەکى تایبەت لە شارەوانى چوارقوڕنە بە کەى ئین ئین،ى راگەیاند، هێزێکى ئەمنى کە لە چوار ئۆتۆمبیلیان پێبووە هاتونەتە ناو بیناى شارەوانى چوارقوڕنە و بۆ ماوەی زیاتر لە کاتژمێرێک لەگەڵ سوارە فەتاح سەرۆکى شارەوانى چوارقوڕنە، لە ژورەکەى کۆبونەتەوە.

بەپێى لێدوانى سەرچاوەکە، دواتر هێزەکە سوارە فەتاح و کۆمەڵێک مەلەفیان لەگەڵ خۆیان بردووە، بەڵام دواى کەمتر لە کاتژمێرێک سەرۆک شارەوانى چوارقوڕنەیان ئازاد کردووە و مەلەفەکانیان بردون.

لەبارەى دەستگیرکردنى سەرۆکى شارەوانى چوارقوڕنە، کەى ئێن ئین پەیوەندى بە ئاوارە کوێخا عەلى، بەڕێوەبەرى شارەوانییەکانى راپەڕینەوەکرد و رەتى کردەوە کە سوارە فەتاح دەستگیرکرابێت و وتى، ئەو هەواڵە راست نیە و ئێستا سەرۆکى شارەوانى چوارقوڕنە سەرقاڵى ئاودانى درەختى ناوەندى شۆستەکانە لەگەڵ تیمەکانى شارەوانى لە کارکردن بەردەوامە.

 

هەر ئەمڕۆ، هێزێکى کۆماندۆ بەرەو شارەوانى سلێمانى جوڵەى پێکرا و لە رونکردنەوەیەکیشدا هێزەکە رایگەیاند: لە ماوەی رابردودا چەند بەرپرسێکی حزبی و حکومی هەستاون بە ئیفرازکردنی چەندین پارچە زەوی و داگیریان کردون، بۆیە ئەمڕۆ بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی بۆ ڕێگریکردن لەو داگیرکارییە جوڵە بەهێزەکانی کۆماندۆی کوردستان کرا بەرەو بەڕێوبەرایەتی شارەوانی سلیمانی بۆ پاکتاوکردنی گەندەڵکاران و دەستگیرکردنیان.

ئەوەش لە کاتێکدایە، پێشتر چالاکوانان و رۆژنامەنوسانى چوارقوڕنە چەندین جار باسیان زێدەڕۆیکردنە سەر موڵکى گشتى زەوییەکانى چوارقوڕنە کردووە.

695 جار خوێندراوەتەوە