جۆن بۆڵتن: بایدن هۆشداری داوەتە تورکیا لە ئەگەری هێرش بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان

KNN : Kurdish News Network
12:14 - 16/08/2022
کوردستان

راوێژکاری پێشوتری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا رایدەگەیەنێت، پەیوەندی کورد و ئەمەریکا پەیوەیدنییەکی مێژوییە و پاراستنی ئەم پەیوەندیەش لە بەرژەوەندی هەردولادایە و دەشڵێت: کوردەکان نەیانتوانی پەیامی ریفراندۆم بەباشی بگەیەننە وڵاتانی رۆژئاوا، سەبارەت بە هەڕەشەکانی تورکیاش بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان ئاشکرایدەکات، کە واشنتۆن لەوبارەیەوە هۆشداری داواتە ئەنقەرە.

لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رۆژەڤی کەناڵى کەی ئێن ئێندا، جۆن بۆڵتن دیدی ئیدارەى بایدنی بۆ پرسی سەربەخۆی کورد ئاشکرا دەکات و دەڵێت: ئیدارەی بایدن بەگرنگیەوە لێی دەڕوانێت، لەبارەی ریفراندۆمیشەوە وتی: کوردەکان لە گەیاندنی پەیامی ریفراندۆمدا نەیانتوانی بەباشی ئامانجەکەیان بگەیەنن و ئەمەش بوەهۆی ئەوەی بەشێك لە وڵاتانی رۆژئاوا دژایەتی ئەم پرسە بکەن.

باسى لەوەشکرد، بە هەڵسەنگاندنی ئەو ریفراندۆمەى کە کوردەکان ئەنجامیاندا، دەردەکەوێت کە ئەوان لە زۆر روەوە ئامادەیى ئەوەیان تێدانەبوو کە کوردستان ببێت بە دەوڵەت.

پێشى وایە، دەبو کوردەکان باشتر کاریان بکردایە بۆ گەیاندنى پەیامى ریفراندۆم بە وڵاتانی رۆژئاوا و ئەوانیش بۆ رێگریکردن لە چەند پێشهاتێک دژى ریفراندۆمەکە وەستانەوە.

رونیشى کردەوە، هەرێمی کوردستان چەندین جار لەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانانەوە هۆشداریان پێدراوە بۆ یەک دەنگی هێزە سیاسییەکان و ئاگادار کراونەتەوە لەوەی پەیوەندیەکانیان لەلەگەڵ ئەمەریکا پەیوەستە بە تەبایى و یەکریزی نێوان لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان.

لەبارەى ئەگەرى هێرشى تورکیا بۆسەر رۆژئاواى کوردستان، بۆڵتن ئاشکراى کرد کە ئیدارەی بایدن هۆشداری داوەتە تورکیا لە ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازى بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان.

226 جار خوێندراوەتەوە