دوای حەوت ساڵ کوێت باڵیۆزی خۆی دەنێرێتە تاران

KNN : Kurdish News Network
06:53 - 15/08/2022
جیهان

دوای نزیکەی حەوت ساڵ، کوێت باڵیۆزی خۆی لە تارانی پایتەختی ئێران دامه‌زراند.

ئاژانسی فەرمیی هەواڵی ئێران بڵاویکردەوە، باڵیۆزی نوێی کوێت لە تاران، به‌در عەبدوڵڵا مەنیخ وێنەیەکی لە نامەی متمانە پێبەخشینی پێشکەشی وەزیری دەرەوەی ئێران، حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان کردوە.

لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان و به‌در عەبدوڵڵا مەنیخ تاوتوێی بابەتی پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان کردووە.

سعوودیە لە ٢ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٦دا ٤٧ کەسی بە تۆمەتی تیرۆر کە كه‌سایه‌تی ئایینی شیعه‌مه‌زهه‌ب، نەمر نەمر-یشیان تێدابوو، لەسێدارەدا. لە دوای ناڕەزایەتی دەربڕین له‌لایه‌ن چەند بەرپرسێکی ئێرانییه‌وه‌ لە بەرامبەر لەسێدارەدانەکان، خۆپیشاندەران ھەڵیانکوتابوویە سەر باڵیۆزخانەی سعوودیە لە تاران و کۆنسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە شاری مەشھەد و ئاگریان لە باڵەخانەکان بەردابوو.

دوابەدوای ئەو رووداوانە هەریەک لە سعوودیە، بەحرێن و سوودان پەیوەندیی دیپلۆماسییان لەگەڵ ئێران پچڕاند و ئیمارات پەیوەندییەکانی بۆ ئاستی کاربەڕێکەر دابەزاند. هاوكات کوێت باڵیۆزی خۆی لە تاران کشاندەوە و بوو بە پێنجەم وڵات هەنگاوی دیپلۆماسی لە دژی ئێران بگرێتەبەر.

76 جار خوێندراوەتەوە