چەپلەرى لە روانگەى ئاینى و کۆمەڵایەتییەوە

KNN : Kurdish News Network
03:43 - 13/08/2022
ڕاپۆرت

ئەگەر تۆ چەپلەریت هیچ بۆى نیگەران مەبە، چونکە توێژینەوەکان دەریان خستوە کە بلیمەتەکانى مێژوى مرۆڤایەتى زۆرینەیان چەپلەر بوون.

چەپلەرى یان چەپ دەست و قاچى، واتا بەکارهێنانى دەستى چەپە بۆ ئەنجامدانى کاروبارى ڕۆژانە بە شێوەیەکى خۆڕسکانەو بێ ئاگایانە.

چەپلەرکان لە ناو خۆیاندا چەند جۆرێکن: هەندێکیان چەپلەرى تەواوەتین واتە دەست و قاچى چەپیان لە هى ڕاستیان بەهێزترەو بۆ بەرێکردنى کارەکانیان لاى چەپیان بەکار دەهێنن، چونکە لە لاى ڕاسیتان بەهێزترە، هەندێکیان نیمچە چەپلەرن واتە لە دەستدا چەپەن بەڵام قاچى راستیان بەهێزترەو زۆرترین کات قاچى راستیان بەکار دەهێنن.

جۆرێکى تریشیان  بۆ نویسن دەستى چەپیان بەکار دینن، بەڵام بۆ خواردن لێخوڕینى ئۆتۆمبیل دەستى ڕاستیان بەکار دەهێنن. 

بەپێی ئامارەکان تەنیا 12%ی دانیشتووانی جیهان چەپچەپلەرن و 87% راستەن و  1% یش دەتوانن بە شێوەیەکى یەکسان هەردوو دەست بەکار بهێنن.

 بەشێکی زۆری کەسایەتییە ناسراوەکانی وەک باراک ئۆباما، بیل گەیتس، ئۆپرا و دەیڤید کامیڕۆن ناپلیۆن و لیۆناردۆ داڤنشی و ئەنیشتاین کە ڕۆڵیان هەبووە لە گۆڕانکارییەکانى جیهان چەپلەر بوون، لە بوارى تۆپى پێدا چەندین یاریزانى گەورە چەپلەرن و توانیویانە بەشیوەیەکى سەرسوڕهێنەر وەرزشەکەیان ئەنجام بدەن، لەسەروى هەمویانەوە لیۆ مێسى ئەستێرەى تۆپى پێى ئەرجەنتینا کە بە قاچى چەپى توانیویەتى یەکێک بێت لە باشترین یاریزانەکانى مێژوى تۆپى پێ.

سیفەتى چەپدەستى لە ئیستادا سیفەتێکى ئاساییە، بەڵام لە سەدەکانى هەژدەو نۆزدەدا وەک کەمئەندامێک سەیرى چەپلەرەکان کراوەو مامۆستایان لە خوێندنگەکاندا هەوڵى گۆڕینى خوێندکارە چەپدەستەکانیان داوە تا وەک راستەکان شت بنوسن.

توێژینەوەکان هۆکارى چەپلەر بوون دەگەڕێننەوە بۆ چەند هۆکارێک، هەندێکیان پێیان وایە حاڵەتێکى بۆماوەییە، واتە ئەگەر دایک و باوک یان یەکێک لەو دوانە چەپلەر بوون ئەوا بە ڕێژیەکى زۆر منداڵەکانیان چەپلەر دەردەچن.

هەندێکى تر هۆکارەکەى دەگێرنەوە بۆ بەکارهێنانى دەرمان لە لایەن دایکەکەوە لە قۆناغى دووگیانیدا و دەڵێن لە ئەگەرى بەکارهێنانى دەرمان بۆ ڕێکخستنەوەى هۆرمۆنات ئەوا منداڵەکە چەپلەر دەردەچێت. هەروەها ئەگەر دایکەکە لە کاتى دوگیانیدا توشى سترێس و خەمۆکى بوبێت ئەوا منداڵەکە چەپدەست دەردەچێت.


چەپلەرى لە ڕوانگەى ئایینەکانەوە

 لە ڕوانگەى ئاینى ئیسلامەوە مرۆڤەکان وەک یەک یەکسانن تەنها لە عیبادەت کردندا نەبێت، بەڵام دەستى ڕاست پێگەیەکى تایبەتى هەیەو باشتر وایە نان خواردن بە دەستى ڕاست بێت و پێدان و وەرگرتنى شتیکیش جوانتر وایە بە دەستى ڕاست بێت.

بەلاى کاسۆلیکەکانى ئاینى مەسیحیەوە چەپلەرەکان وەک بەچکەى شەیتان سەیر کراون و کراون بە خزکەتکارى کەنیسەو  زۆریان لێکراوە بە پێچەوانەى ویستى خۆیان دەستى ڕاست بەکار بهێنن.

چەپدەستى لە کۆمەڵگاکاندا
لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکى تر تێروانیەنکان سەبارەت بە چەپلەر بوون دەگۆڕێت:
لە هەندێک لە کۆمەڵگاکاندا بە چاوێکى کەمەوە سەیرى کەسانى چەپدەست دەکرێت، بۆ نمونە لە کۆمەڵگایەکى وەک هندستاندا ئەوانەى کە چەپلەرن لە شوێنە گشتیەکاندا وا نیشان دەدەن کە ڕاستەن بە دەستى ڕاست خواردن دەخۆن یان ئەگەر لە بازاڕدا شتیک بکڕن شەرم دەکەن دەستى چەپ بەرن بۆ هەڵگرتنى کاڵاکانیان.

لە کۆمەڵگا ئەفەریقیەکانیشدا بە کەم سەیرى چەپلەرەکان کراوەو بێزیان لێ کردونەتەوەو هەمیشە وەک کەمینەیەک چەوسێنراونتەوە. 

لە وڵاتێکى وەکو یابان تا چەند ساڵیک بەر لە ئێستا ئەگەر پیاوێک خێزانەکەى چەپلەر بوایە ئاسایى بو داواى جیا بونەوە بکات، چونکە وەک کەم و کورتى و نەنگیەک سەیرى چەپلەرەکان کراوەو پیاوێک پێى شەرم بووە خێزانەکەى چەپلەر بێت.

تا ئێستاش کۆمپانیاکانى بەرهەم هێنانى ئامێرە زیرەکەکان و مۆبایل پەنجە مۆریان لاى چەپەوە دروست نەکردوە تا چەپلەرەکان لە کاتى بەکارهێنانیدا توشى گرفت نەبن، هەروەها چەپلەرەکان ناتوانن وەک ڕاست دەسەکان مەقەستى کلاسیکى بەکار بهێنن و دەسەوسانن لە ئاست ئەو ئامێرەدا.

چەپلەرەکان لە وەرزشدا ناوازە دەردەکەون
تێبینى کراوە ئەوانەى لە هونەرەکانى بەرگرى و بۆکسین و یارى تێنس و بەیسبۆڵدا پلەکانى پێشەوەیان گرتووە و بەرامبەرەکانیان دەدەن بە زەویدا چەپلەرن.

تواناى بیرکردنەوەیان زیاترە
توێژینەوەکان دەریان خستوە چەپلەرەکان لە بیرکارى دا بلیمەتن و تواناى بیرکردنەوەیان جیاوازترەو تێڕوانینا بۆ ژیان جیاوازترە لە ڕاست دەسەکان.

لە 13/ئابى 1973 ڕێکخراوێک بۆ داکۆکى  کردن لە مافى چەپلەرەکان دامەزراو رۆژێکیشیان وەک ڕۆژى جیهانى چەپ دەستەکان دیارى کردوە تیایدا چەپدەستەکان ئاهەنگ دەگێرن.

 

ئامادەکردنى_ عەدنان عیزەدین

235 جار خوێندراوەتەوە