ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختە دوبارە بکرێتەوە چی دەگۆڕێت؟

KNN : Kurdish News Network
04:32 - 05/08/2022
ڕاپۆرت

تادێت پاڵپشتیکاران بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت زیاتر دەبن، کە خواست و داواکاریی رێبەری رەوتی سەدرە، لەکاتێکدا کۆی هێزە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ساڵی رابردوودا دەنگەکانیان کەمیکردووە و هەڵبژاردنەکەش نەیتوانی هیچ گۆڕانکارىیەک لە پرۆسەى سیاسى وڵاتدا دروست بکات، بەڵام هێشتا لایەنە سیاسییەکان ئومێدیان بە دووبارە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پێشوەختە هەیە بۆ دەربازبوون لەم دۆخەی وڵات تێیکەوتوە.

موقتەدا سەدر رێبەرى رەوتى سەدر، رۆژی 03-08-2022 لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا رایگەیاند، پێویستە پەرلەمانی عێراق هەڵبوەشێندرێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت، بەڵام ئاستەنگەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختە کەم نین و پێناچێت بژاردەیەکی هێندە ئاسان بێت.

ئاستەنگەکانی بەردەم هەڵبژاردنی پێشووەختە:-


نەبوونی کۆدەنگی لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییەکاندا بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە.
ڕێکنەکەوتن لەسەر میکانیزم و چۆنیەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.
پرسی هەموارکردنەوە و دەستکاریکردنی یاسای هەڵبژاردن.
ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن کە پێوسیتی بە زیاتر لە شەش مانگە.
بێ ئومێدبوون و کەمی ڕێژەی بەشداریکردنی هاوڵاتیان لە پرۆسەی دەنگدان.



پرسیاری خەڵک ئەوەیە ئەگەر هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە، چی دەگۆڕێت؟

ئەبوبەکر کاروانی، چاودێری سیاسی بە کەی ئێن ئێنی وت:"هەڵبژاردنی پێشوەختە نەک چارەسەر نییە، بەڵکو دۆخەکە دەتەقێنێتەوە، کێشەکەش ئەوەیە چارەسەرێکی واش لە ئاسۆی نزیکدا نییە، چارەسەر ئەوەیە گرێبەستێکی نوێی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا بکرێت و هەمووان لەسەری ڕێکبکەوون".

لە لایەکی دیکەوە هێرش عەبدولڕەحمان - راویژکاری باڵا بۆ کاروباری عێراق لە واشنتن بە کەی ئێن ئێنی راگەیاند:"بە پێی راپرسیەک کە بۆ دەزگایەکی ھەستیاری ئەمریکی تایبەت بۆ مەلەفی عێراقی کراوە، دووبارەکردنەوەی ھەڵبژاردن لە بەرژەوەندی ھیچ یەک لە ھێزەکانی ئێستا نابێت، جگە لە ھێزی تازە کە دروست بکرێت، بەدەر لەوە بەشداری دەنگدان زۆر خراپتر دەبێت لە ھەڵبژاردنی رابردوو و لە سەدا 15 تێناپەڕێنیت".

هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ساڵی رابردو، دەرخەری بێ ئومێدیەکی گەورەی عێراقییەکان بوو بەرانبەر پرۆسەی دیموکراسی لە وڵاتدا، چونکە لە کۆی 24 ملیۆن دەنگدەری عێراق تەنها 14 ملیۆن کەس کارتیان وەرگرتبوویەوە، لەو ڕێژەیەش تەنها 40%ى خەڵک دەنگیان دا، ئەمەش ئاماژەیەکی رونە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەگەر دەموچاوەکانیش بگۆڕێت، ناتوانێت ئەو کارتێکەرە ناوخۆی و دەرەکییانەی  کە زاڵە بەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی و کارگێڕی لە عێراقدا بگۆڕێت.

 

ئەوەی ئێستا جێگەى پرسیارە دەستور و یاسای عێراق چۆن رێگا بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دوبارە دەدات، بەپێی دەستوری عێراق لەماددەی 64ی دەستورەکەدا هاتووە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران داوایەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان پێشکەش دەکات و سەرۆکی پەڕلەمان رەزەمەندی لەسەر دەدات و سەرۆک کۆماریش لەدوای دیاریکردنی وادەی هەڵوەشاندەوەی پەرلەمان لەماوەی دو مانگدا وادەی هەڵبژاردن دیاری دەکات، یاخود دەبێت یەک لەسەر سێی پەرلەمانتاران داوابکەن و بەزۆرینەی دەنگ پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە.

بەوتەی شارەزایان لە ئێستادا بەهۆی ئەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کار بەرێکەرە مافی داوای هەلوەشاندنەوەی پەرلەمانی وڵاتەکەی نیە، لەم بارەیەوە سۆز حەمید، خاوەنی دکتۆرای لەبواری یاسای دەستوری بە کەی ئێن ئێنی راگەیاند، بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەکاتێکدا پێویستی بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان هەیە ئەگەر تەوافوقی سیاسی نەیەتە ئاراوە ناکرێ و ناگونجێ پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە، دکتۆر سۆز ئەوەشی وت لە وتارەکەی سەدردا دەردەکەوێت عێراق تەنها بە تەوافوق بەرێوەدەچێت بەوپێیەی دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەسەرەتادا داواکاری بەشێکی لایەنە سیسیەکانی چوار چێوەی هەماهەنگی بوە.

لەلایەکی دیکەوە سەبارەت بە هەڵبژاردنێکی دیکە لە عێراقدا، ئارام جەمال شارەزای بواری هەڵبژاردن بۆ کەی ئێن ئێن وتی،" ئەگەر بریاری هەڵبژاردن لە ئێستادا بدرێت، ئەوا لەدرێژترین وادە داکۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دەتوانێت لەشەش مانگی داهاتودا ئامادەبێت بۆ ئەو هەڵبژاردنە، تەنها یەک هۆکار رەنگە کاتەکەی درەنگتر بکات ئەویش تۆمارکردنی ناوی ئەوکەسانەی کەگەشتونەتە تەمەنی بەشداریکردن لە دەنگداندا، بەوپێیش ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی دیکە دەکەوێتە ساڵی داهاتو.

شارەزایانی دۆخی سیاسی عێڕاق دەڵێن ئایا ئەنجامی هەڵبژاردنی رابردو پەیوەندیە خراپەکانی لایەنەسیسیەکان کە دۆخی عێراقیان بەو ئاستەگەیاند، هاوڵاتیانی وڵاتەکە جارێکی دیکە بایکۆتی هەڵبژاردن ناکەونەوە و خۆیان لە سندوقەکانی دەنگدان بەدور ناگرن؟ ئایا هاوڵاتیانی عێراق باوەریان بەهیچ دۆخێکی دیموکراسی ودەستاودەستی دەسەڵات ماوە، کە دەبینن سەرکردە سیاسیەکانی عێراق بەراست و چەپ لە پێناوی دەسەڵاتدا یەکتری رەتدەکەنەوە.

192 جار خوێندراوەتەوە