بۆ تەواوکردنی دوسایدکردنی رێگاکان، وەزیری ئاوەدانکردنەوە پێشنیارێکی گرنگ دەخاتەڕو

KNN : Kurdish News Network
06:52 - 23/06/2022
کوردستان

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن رایدەگەیەنێت؛ پێشنیاریان کردوە مانگانە بڕی (10) ملیۆن دۆلار بۆ رێگاوبانەکان تەرخان بکرێت و بەو بڕە پارەیەش دەتوانن بەشێکی زۆری رێگاکان بە دوساید بکەن.

دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان وەڵامی پرسیارەکانی پەرلەمانتارانی دایەوە و لەو چوارچێوەیەدا ئاماژەی بەوەکرد، " (60) پڕۆژە لە ماوەی سێ ساڵدا تەواوکراوە، بەشێکییان پڕۆژە تەواو نەکراوی کابینەکانی دیکە بون و بەشێکیشیان پڕۆژەی نوێ بون".

وتیشی:"لە پارێزگای هەولێر (24) پڕۆژەی رێگاوبان جێبەجێکراوە، کە کۆی گشتی (661) کیلۆمەتر بوە بە (464) ملیار دینار بوە، هەروەها لە پارێزگای سلێمانی (26) پڕۆژە بوە کە (315) کیلۆمەترە و بەبەهای (120) ملیار دینار جێبەجێکراوە، لە لە پارێزگای دهۆكیش (10) پڕۆژە بوە کە (236) کیلۆمەتر بوە و بە بەهای  (269) ملیار دینار جێبەجێکراوە".

سەبارەت بە خەرجی فیعلی لە ماوەی سێ ساڵی کابینەی نۆدا بۆ پڕۆژە وەبەرهێنەکان کە تەواو بون و بۆ ئەوانەشی بەردەوامن لەسەر بودجەی وەبەرهێنان، لە هەولێر (84) ملیار دینار  بۆ سلێمانی (198) ملیار دینار و بۆ دهۆکیش (89) ملیار دینار بوە.

جگە لەوەش لە بواری بیناسازیشدا لە هەولێر (دو) پڕۆژە ئەنجامدراوە، بە بەهای (616) ملیۆن دینار، لە سلێمانی (حەوت) پڕۆژە بە بەهای (97) ملیار دینار.

سەبارەت بە بودجەی ئاسایی بۆ رێگاوبانەکان کە کاری تێدا کراوە، وەزیری ئاوەدانکردنەوە وتی: لە هەولێر سێ پڕۆژە بوە بە (100) ملیۆن دینار، لە سلێمانی (78) پڕۆژە جێبەجێکراوە بە دو ملیار و (310) ملیۆن دینار، لە دهۆکیش یەك پڕۆژە بەبەهای (384) ملیۆن دینار جێبەجێکراوە".

ئاماژەی بەو پڕۆژانەش کرد کە لەسەر داهاتی وەزارەت کراون و وتی:"لە هەولێر (51) پڕۆژەی رێگاوبان بە دو ملیار (265) ملیۆن دینار ئەنجامدراوە، لە پارێزگای سلێمانی (38) پڕۆژە ئەنجامدراوە کە بەهاکەی دو ملیار و (510) ملیۆن دینارە، بۆ پارێزگای دهۆکیش (31) پڕۆژە بوە کە بەهاکەی دو ملیار و (688) ملیۆن دینارە و ئەم پڕۆژانەش هەمویان تەواو بون".

سەبارەت بە پڕۆژە بەردەوامەکانیش، وەزیری ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند: لە سلێمانی (17) پڕۆژە کاری تێدا دەکرێت بە گوژمەی یەک ملیار و (254) ملیۆن دینار و لە پارێزگای هەولێر یەک پڕۆژە کاری تێدا دەکرێت بە گوژمەی (16) ملیۆن دینار.

لەبارەی بەکێشەکانی رێگای کەلار – دەربەندیخان وەزیری ئاوەدانکردنەوە باسی لەوەکرد، ئەم پڕۆژەیە چەند جارێک گرێبەستی بۆ کراوە و هەڵوەشێندراوەتەوە لەساڵەکانی 2010 بەدواوە، دواین جار لە ساڵی 2017 ئەو کۆمپانیایەی ئێستا کاری تێدا دەکات گرێبەستی کردوە و دەستیکردوە بە کارکردن لەم پڕۆژەیە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارکردن تێیدا وەستابو، لەگەڵ دەستبەکاربونی کابینەی نۆیەم ئەم پڕۆژەیە خرایەوە گەڕ وە ئەوکاتەی دەستبەکاربونی رێژەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە 15٪ کەمتربو، بەڵام ئێستا رێژەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە 55٪، واتە لەماوەی ئەم سێ ساڵەدا رێژەی جێبەجێکردن لەسەدا 40 زیادیکردوە و ئەو بڕە پارەیەی کە پێویستە بۆ تەواوکردنی 60 ملیار دینارە و بە خەرجکردنی دەتوانین لەماوەی 12 مانگی داهاتودا لەسەدا سەدی رێگاکە تەواو بکرێت.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە باسی لەوەشکرد، بۆ تەواوکردنی رێگا دو سایدەکان پێشنیارمانکردوە مانگانە بڕی 10 ملیۆن دۆلار بۆ تەواوکردنی رێگاکان لە داهاتی نەوت تەرخان بکرێت و بۆ ئەمەش پێویستمان بە پشتیوانی پەرلەمانی کوردستان هەیە.

907 جار خوێندراوەتەوە