نرخى نەوت بەخێرایى دابەزى

KNN : Kurdish News Network
08:44 - 18/06/2022
ئابوری

پێگەی ئۆیل پڕایس، بڵاوی کردەوە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتى خاوى برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بە (113) دۆلار و (02) سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت.

هاوکات، نرخى هەر بەرمیلێک نەوتى تەکساسى ئەمریکیش. ئەمڕۆ بە (109) دۆلار و (06) سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت.

ئەوەش دابەزینێکى خێراى نرخى نەوتە، بەشێوەیەک لەماوەى کەمتر لە (72)کاتژمێرى رابردوو، خاوى برێنت نزیکەى (10) دۆلار لە نرخەکەى دابەزیوە و بەهەمان شێوە نەوتى تەکساسیش زیاتر لە نۆ دۆلار لە نرخەکەى لەدەستداوە.

سەرەڕاى دابەزینەکەى بەڵام نرخى نەوت تائێستا بەرزە و شارەزایانی بواری نەوت پێشبینى دەکەن، نرخی نەوتی خاو لە جیهاندا زیاتر بەرزدەبێتەوە و لە کۆتایی ئەم مانگەدا بگاتە (140) دۆلار بۆ هەر بەمیلێك، ئەوەش بەهۆی ناسەقامگیری ئەو وڵاتانەی نەوت بەرهەم دەهێنن.

ئاماژەیان بەوەشکردوە، شەڕی ئۆکرانیا و روسیا کاریگەری نەرێنی لەسەر بازاڕی نەوت و خۆراك هەیە، بەڵام سودی زۆری بۆ کۆمپانیا زەبەلاحەکان هەیە و داهاتییان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردوە.

دەشڵێن: بەرهەم هێنانی نەوت لە وڵاتە بەرهەم هێنەرەکاندا کەمیکردوە و بەشێکیان پابەند نین بەو بڕەی لەلایەن ئۆپیکەوە بۆیان دانراوە ئەمەش وای کردوە نرخی نەوت رو لە بەرزی بێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا و روسیاوە، نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوەتەوە و لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا گەیشتە سەرو (130) دۆلار، هاوکات حکومەتی چینیش رێکارەکانی روبەروبونەوەی کۆرۆنای لە وڵاتەکەیدا کەمکردوەتەوە بەمەش خواست لەسەر نەوت زیادیکردوە و نرخەکەی هەڵکشاوە.

419 جار خوێندراوەتەوە