دەستگیرکردنى یەکێک لە
مەترسیدارترین بازرگانەکانى ماددەى هۆشبەر لە هەرێمى کوردستان راگەیەنرا کە چەندین
ساڵە هێزەکانى ئاسایشى بەدواداچونى بۆ دەکەن.
بنکەى نەهێشتنى ماددە هۆشبەرەکانى سۆران
رایگەیاند: دواى چەندین ساڵ بەدواداچون و کۆکردنەوەى زانیارى و چاودێرى ورد، سەرەنجام
هێزەکانى بنکەى نەهێشتنى ماددە هۆشبەرەکانى سۆران توانیان تۆمەتبار ( س.ع.خ ) یەکێک
لە گەورەترین بازرگانەکانى ماددەى هۆشبەر لە هەرێمى کوردستان لە بازگەى گۆجار سەر
بە ئیدارەى سەربەخۆى سۆران دەستگیرى بکەن.
ئاشکراشى کردووە، تۆمەتبار خەڵکى ئیدارەى راپەڕینە
و دانیشتوى قەلادزێ و وڵاتى ئێرانە و پشکى شێرى هەبووە لە بڵاوکردنەوەى ماددە هۆشبەرەکان بە هەموو جۆرەکانى کریستال، هێرویین
و تریاک لە هەرێمى کوردستان.
دەشڵێت: لە ماوەى ئەم چەند ساڵە هێزەکانى نەهێشتنى
ماددە هۆشبەرەکان توانیان دەست بگرن بە سەر رێژەیەکى زۆر لە جۆرەکانى ماددەى هۆشبەر
و حەبى هۆشبەر و چەندین ئۆتۆمبێل و دەستگیر کردنى ژمارەیەکى زۆر لە ئالوودەبووان و
فرۆشیارانى ماددەى هۆشبەر کە کاریان بۆ ( س.ع.خ ) کردووە.
بنکەى نەهێشتنى ماددە هۆشبەرەکانى سۆران باسى
لەوەشکردووە، ناوبراو سەرپەرشتى باندێکى گەورەى هاوردە کردن و بڵاوکردنەوەی ماددە
هۆشبەرەکانى دەکرد و بەدەستگیرکردنى ئەم
بازرگانە، ماددەى هۆشبەر لە سنورى پارێزگاى هەولێر بە شێوەى بەرچاو رو لە کەم بون
دەکات.
2204 جار خوێندراوەتەوە