وەزیرى بازرگانى: شایستە داراییەکانى جوتیارانى هەرێم دەخرێتە ناو بودجەى ساڵى 2022ى عێراق

KNN : Kurdish News Network
11:50 - 28/05/2022
ئابوری

وەزیرى بازرگانى هەرێم رایدەگەیەنێت؛ بڕیاردراوە شایستە داراییەکانى جوتیارانى هەرێم بۆ ساڵەکانى (2014-2015-2016)، بخرێتە ناو بودجەى ساڵى 2022.

ئەمڕۆ شەممە، یەکەم رۆژى وەرگرتنى گەنمى جوتیاران لە هەولێر دەستیپێکرد و هەریەک لە کەمال موسلیم وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى هەرێم و بەڕێوەبەری گشتى بازرگانی عێراق، ئامادەى بون و کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى هاوبەشیان ئەنجامدا.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، بەڕێوەبەری گشتى بازرگانی عێراق رایگەیاند: بۆ پرسى وەرگرتنى پارەى گەنمى جوتیاران، هەماهەنگییەکى زۆر باش لە نێوان هەرێم و ناوەندا هەیە.

جەختیشى کردەوە، هەمو رێکارەکانی بەسەرکەوتوى بەڕێوەدەچن بۆ مسۆگەرکردنى پارەى گەنمى جوتیاران و پێویست ناکات دڵەراوکێییەک هەبێت لەو بارەیەوە.

لاى خۆیەوە کەمال موسلیم رایگەیاند: شایستە داراییەکانى جوتیارانى هەرێم بۆ ساڵەکانى (2014 و 2015 و 2016)، خراوەتە ناو بودجەى ساڵى 2022ى عێراق و هەرکاتێک بودجە لە پەرلەمانەوە بڕوات ئەو پارەیە لەوێ جێگیر دەکرێت و جوتیاران لێى سودمەند دەبن.

لەبارەى دابەشکردنى بەشە ئاردیشەوە باسى لەوەکرد، دابەشکردنى بەشەئاردى هاوڵاتیان دەستیپێکردووە و ئێستاش کە هاتنى گەنم دەستیپێکردووە پڕۆسەکە خێراتر بووە.

هەروەک جەختیکردەوە، وشکەساڵى کاریگەرى زۆرى هەبووە و وایکردووە بڕى بەرهەمی گەنم کەم بکات.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ شەممە 28ـى ئایار، وەرگرتنى گەنمى جوتیاران لە هەولێر دەستیپێکرد، بۆ هەر تۆنێک گەنمیش بڕى (850) هەزار دینار دیاریکراوە و هەموو جۆرەکانی گەنم وەردەگیرێت.

بۆ ئەمساڵ پێشبینى دەکرێت لە سنورى پارێزگاى هەولێر (100) هەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەربگیرێت.

بەرهەم هێنانی گەنم لە عێراق لە ئێستادا بەڕێژەی سەدا 50 بەروارد بە ساڵی ڕابردو کەمی کردوە.

245 جار خوێندراوەتەوە