دواین ئامار... هێرشى سەر قوتابخانەکەى ئەمەریکا 21 کوژراوى لێکەوتەوە

KNN : Kurdish News Network
12:03 - 25/05/2022
جیهان



ژمارەی کوژراوان بەهۆی ئەو هێرشەی کرایە سەر قوتابخانەیەک لە باشوری ئەمەریکا بۆ 21 کەس بەرزبووەوە کە لەنێو کوژراوەکاندا، 17 یان منداڵ و سێ کەسیان گەورە بوون.

رۆلاند گوتیرێز، سیناتۆری ویلایەتی تێکساس، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی   (CNN) رایگەیاند، پۆلیسی ویلایەتەکە لەبارەی دوایین رەوشی روداوەکە ئاگاداریان کردووەتەوە و بەم پێیە تائێستا لە روداوەکەدا، 21 کەس گیانیان لەدەستداوە کە 18 یان منداڵی قوتابخانەی سەرەتایی و دوانیان گەورەن و لەگەڵ یەكێکیان کە هێرشبەرەکەیە.

گرێگ ئابۆت فەرمانڕەوای ویلایەتی تێکساس، دوای هێرشەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندبوو، 14 منداڵ و کەسێکی گەورە گیانیان لەدەستداوە.

لەبارەى ناسنامەی ئەنجامدەری هێرشەکە ئاشکراکراوە کە  ئەنجامدەرەکە ناوى سێلڤادۆر رامۆسە و تەمەنى (18) ساڵەو هێرشەکەى بۆسەر قوتابخانەی رۆبی سەرەتایی لە شارۆچکەی ئوڤاڵدی ئەنجامداوە، دواى روبەڕوبونەوە لەلایەن پۆلیسەوە لە چالاکی خرا.

لە كاتێكدا لە میدیاكانەوە بڵاوكرایەوە كە رامۆس كە لە هەمان شارۆچكە دەژی، خوێندكار بووە لە ئامادەیی تەنیشت قوتابخانەی رۆبی سەرەتایی كە هێرشەكەی تێدا ئەنجامدراوە، پۆلیس تا ئێستا هیچ لێدوانێكی لەبارەی هۆكاری رووداوەكە نەداوە .

هێرشەکە وەک کوشندەترین هێرش بۆسەر قوتابخانەکان لە مێژووی تێکساس-دا تۆمارکراوە، هەروەها دووەم گەورەترین هێرشە لە وڵاتەکەدا، دوای هێرشی سەر قوتابخانەی ساندی هوکی سەرەتایی لە ویلایەتی کۆنتێکتیکۆت لە ساڵی 2012 کە بەهۆیەوە 28 کەس کوژران.

ئاماژە بەوەشکراوە، بەرپرسانی فیدراڵیی و ئاسایشی نیشتمانیی بەردەوامن لە لێکۆڵینەوەکانیان لەبارەی هێرشەکە لە شوێنی رووداوەکە.

باس لەوە دەکرێت کە سەرۆکی ئەمەریکا، جۆ بایدن کە لە ئێستادا گەشتێک بۆ ئاسیا ئەنجامی دەدات لە رووداوەکە ئاگادار کراوەتەوە، هەروەها چاوەڕوان دەکرێت دوای گەڕانەوەی بۆ ئەمەریکا لە کۆشکی سپی لێدوانێک لەبارەی هێرشەکەوە بدات.

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشی کۆمەڵەی نیشتمانیی پەروەردە و کۆمەڵەی مامۆستایانی ویلایەتی تێکساس هاتووە "قوتابخانە حکومییەکانمان دەبێت یەکێک بن لە سەلامەتترین شوێنەکان بۆ خوێندکاران و مامۆستایانمان. پێویستە چەند هێرشی دیکەی لەو جۆرە رووبدات بۆ ئەوەی سیاسەتمەداران دواجار بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ و کێشەی هەڵگرتنی چەک چارەسەر بکەن؟".

هەروەها سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی ئەمریکا، راندی واینگارتن کاردانەوەی بەرامبەر بەو هێرشە نیشان دا و گوتی: "تەنها لەم وڵاتەدا دایک و باوکان دڵنیا نین منداڵەکانیان لە قوتابخانە سەلامەت دەبن".

بەپێى هەواڵى  کەناڵی (CNN)، جگە لە دوایین هێرش لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە 38 هێرشی چەکداریی لە ناوەندەکانی پەروەردەدا، لانیکەم 10 کەس کوژراون و 51ی دیکەش برینداربوون.

ئەوەش لە کاتێکدایە، تەنها لە ساڵى 2022دا لە ئەمەریکا، زیاتر لە پێنج هەزار کەس بەهۆى روداوى تەقەکردنەوە کوژراون کە 1000 کەس لە کوژراوەکان کوشتنى بە کۆمەڵ بووە، لە ساڵى رابردوش هەشت هەزار و 100 کەس لە روداوى تەقەکردن لەسەرتاسەرى ئەمەریکادا کوژراون.

117 جار خوێندراوەتەوە