موچەی (11) هەزار کەس دەبڕدرێت

KNN : Kurdish News Network
05:13 - 16/05/2022
کوردستان

وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان رایگەیاند: لە وەزارەتەکە مووچە و مینحەی (11) ھەزار کەس لەوانەی بەدەر لە یاسا سوودمەند بوون بڕاوە و پڕۆسەکە بەردەوامە و پێداچونەوە بۆ فایلی ھەمو شەھید و ئەنفالکراوان و زیندانییە سیاسییەکان دەکرێت.

 

 

عادل حەمە ساڵح، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی کاروباری شەھیدان ڕاگەیاند: دوابەدوای دەرچوونی یاسای ژمارە (2)ی تایبەت بە چاکسازی، ڕاستەوخۆ دوای گەیشتنی یاسا و پەیڕەوەکە وەزیری شەھیدان ژمارەیەک لیژنەی لەسەر ئاستی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکان پێک ھێنا.

 

 

باسی لەوەشکردوە، پڕۆسەی چاکسازی لە شەھیدان و ئەنفال و زیندانیانی سیاسی و تاقانەکانی ئەنفال بەڕێوە دەچێت و دۆسیەی تاقانەکانی جینۆساید یەکلایی کراوەتەوە، بەڵام چاکسازی لە دۆسیەی زیندانیانی سیاسی بەردەوامە و ڕۆژانە لەسەر ئاستی وەزارەت بە ھەر سێ جۆری شەھیدی ھاوڵاتی و سەنگەر و جینۆساید لیژنەکان بەردەوامە.

 

 

دەشڵێت: لە ھەنگاوی یەکەمدا موچە و مینحەی (11) ھەزار کەس لەوانەی بە نایاسایی سوودمەند بوون بڕاوە و بەوەش نزیکەی (986) ملیۆن دینار بۆ خەزێنەی حکومەت گەڕاوەتەوە.

5280 جار خوێندراوەتەوە