راوێژکاری دارایی کازمی: داهاتی عێراق لەم ساڵدا دەگاتە زیاتر لە 150 ملیار دۆلار

KNN : Kurdish News Network
10:08 - 05/05/2022
ئابوری

راوێژکاری دارایی مستەفا کازمی پێشبینی دەکات، داهاتی عێراق لەم ساڵدا بگاتە زیاتر لە 150 ملیار دۆلار.

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەبارەی دۆخی دارایی وڵاتەوە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند: هەڵسەنگاندن ‌و خوێندنەوەی سندوقی نەختی نێودەوڵەتی لەبارەی باشتربونی دۆخی دارایی عێراقەوە، لەسەر بنەمای کۆی داهاتە نەوتی ‌و نانەوتییەکان بوە.

وتیشی: هەڵسەنگاندنەکەی سندوقی نەختی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای ئەوە بوە، کە عێراق رۆژانە سێ ملیۆن ‌و 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات ‌و تێکڕای نرخی نەوتیشی بە 104 دۆلار حساب کردوە و داهاتە نانەوتییەکانیش بە هەشت بۆ 10 ملیار دۆلار خەمڵاندوە.

راوێژکارەکەی کازمی، پێشبینی کردوە، ئەگەر داهاتەکانی هەرێمی کوردستان و چەند داهاتێکی تری فیدراڵی بخرێنە سەر هەڵسەنگاندنەکە، ئەوا کۆی داهاتی عێراق تا کۆتایی ئەم ساڵ، دەگاتە زیاتر لە 150 ملیار دۆلار.

ئەوە لەکاتێکدایە، پێشتر سندوقی نەختی نێودەوڵەتی پێشبینی کردبو، داهاتی عێراق بۆ ئەم ساڵ 73% زیاتر بێت لەچاو ساڵی رابردو ‌و بگاتە 149 ملیار دۆلار.

331 جار خوێندراوەتەوە