ئەمشەو مێژو و پارە روبەڕوى یەکترى دەبنەوە

KNN : Kurdish News Network
12:14 - 26/04/2022
وەرزش

لە یارى چونى قۆناغى پێش کۆتایى چامپیۆنس لیگ، یانەى مانچستەر ستى بە سەرکردایەتى پێپ گواردیۆلا لە یاریگاى ئیتیحاد میواندارى پاشاى چامپیۆنس لیگ دەکات.

یارییەکە کاتژمێر (10:00) بە کاتى هەرێمى کوردستان دەستپێدەکات، هەردولا دەیانەوێت لە خولەکى یەکەمەوە هەنگاو بەرەو یارى کۆتایى بهاوێژن.

مانچستەر ستى کە بە پارەى ئیماراتییەکان بنیاتنراوەتەوە، توانیویەتى لەو چەند ساڵەى دوایدا لەژێر سەرپەرشتى پێپ گواردیۆلا ببێتە ژمارەیەکى گەورە لە ئینگلیز و ئەوروپا.

ریاڵ مەدریدیش کە پاشاى پاڵەوانیتییەکەیە، لەژێر سەرپەرشتى کارلۆ ئەنشیلۆتى بە ئەزموندا و بە لێهاتوى کەریم بەنزیما، بە ورەبەرزییەکى زۆرە گەشتى مانچستەریان کردووە و دەیانەوێت هاوشێوەى پاریس سانجێرمان و چێڵسى، کوڕانى گواردیۆلاش بکەن بە جەژنانەى هاندەرانیان و لە یاریگاى خۆیاندا لێیان ببەنەوە.

هەردویانە، لەسەر ئاستى خولى ناوخۆیى وڵاتەکانیان پلەى یەکەمیان گرتووە، ستى بە کۆکردنەوەى (80) خاڵ و بە جیاوازى تەنها یەک خاڵ لەپێش لیڤەرپوڵى دوەمەوەیە، ریاڵ مەدریدیش لە لالیگا بە کۆکردنەوەى (78) خاڵ و بە جیاوازى (15) خاڵ لەپێش بەرشەلۆنەى دوەمەوەیە و لە پێنج یارى داهاتوو تەنها پێویستى بە خاڵێکە بۆ ئەوەى ببێتە پاڵەوان.

هەردو یانە لە مێژودا شەش جار روبەڕوى یەکترى بونەتەوە، ریاڵ مەدرید خاوەنى سێ بردنەوەیە و لە دو یاریشدا یەکسان بون و مانچستەر ستیش جارێک بەسەر ریاڵ مەدریددا سەرکەوتوە.

187 جار خوێندراوەتەوە