" پارتى پشتیوانى لە سەدر دەکات و یەکێتیش لە چوارچێوەى هەماهەنگى"

KNN : Kurdish News Network
08:55 - 09/01/2022
عێراق

ئەمڕۆ یەکشەممە،  یەکەم دانیشتنى خولى نوێى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بەڕێوەدەچێت و، سوننەکان کاندیدى سەرۆکى  ئەنجومەنى نوێنەرانیان یەکلایى کردەوە، بەڵام دوولایەنە سەرەکییەکەى سەر بە پێکهاتەى شیعە نەگەیشتونەتە رێککەوتن.

بەپێى زانیارییەکانى (KNN)، لایەنە سوننەکان لەسەر پۆستى سەرۆکى پەرلەمان گەیشتونەتە رێککەوتن، بەپێى ئەو رێککەوتنەش محەمەد حەلبوسى کاندیدە بۆ وەرگرتنى ئەو پۆستە.

لەلایەکى دیکەوە، سەرچاوەیەکى باڵاى پارتى دیموکراتى کوردستان بە (KNN)ى راگەیاند، یەکێتى و پارتى رێککەوتون دەنگ بە کاندیدى سونەکان بدەن، لەبەرامبەردا سونەکانیش دەنگ بدەن بە کاندیدەکانى کورد بدەن و پشتیوانى ئەو بابەتانە بکەن کە خواستى کوردە.

سەبارەت بە هەڵوێستى لایەنە شیعەکانیش میدیاکانى عێراق بڵاویانکردەوە، تائێستا لایەنەکانى ناوچوارچێوەى هەماهەنگى  لە گفتوگۆدان لە بارەى پێکهێنانى گەورەترین فراکسیۆن.

بەرلە دەستپێکردنى ئەو کۆبونەوەیەش وائیل رکابى سەرکردە لە چوارچێوەى هەماهەنگى رایگەیاند، گفتوگۆکانیان لەگەڵ رەوتى سەدر بەردەوامە بۆ ئەوەى وەک یەک فراکسیۆن بەشدارى لە دانیشتنەکەى ئەمڕۆی ئەنجومەنى نوێنەراندا بکەن.

سەبارەت بە هەڵوێستى لایەنە کوردییەکانیش، (KNN) لە سەرچاوەیەکەوە زانیویەتى، پارتى پشتیوانى لە رەوتى سەدر دەکات و یەکێتیش پشتیوانى لەچوارچێوەى هەماهەنگى دەکات، بەڵام بەمەرجى ئەوەى لایەنەکانى ناوچوارچێوەى هەماهەنگى لەناوخۆیاندا کاندیدى سەرۆک وەزیران یەکلایى بکەنەوە.

دواى تێپەڕینى نزیکەى سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەراندا، بڕیارە ئەمڕۆ یەکەم دانیشتنى خولى پێنجەمى ئەنجومەنى نوێنەران، بەڕێوەبچێت.

338 جار خوێندراوەتەوە