عێراق پشکەکانی ئێکسۆن مۆبیل لە بەسڕە دەکڕێتەوە

KNN : Kurdish News Network
07:35 - 05/01/2022
ئابوری

حکومەتی عێراق ڕەزامەندی بە کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی عێراقدا تاپشکەکانى لە کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل بکڕێتەوە.

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتى عێراق رایگەیاند؛ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی دەربڕیوە کە کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی، پشکی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل وەربگرێت لە کێڵگەی رۆژئاوای قورنەى یەک، کە یەکێکە لە کێڵگە گەورەکان.

کێڵگەی قورنەی یەکى ڕۆژئاوا، لە باشووری عێراق، یەکێکە لە گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی جیهان کە دەکەوێتە پارێزگاى بەسڕەوە و پێشبینی دەکرێت زیاتر لە 20 ملیار بەرمیل نەوتی تێدا بێت.

بە وتەی بەرپرسانی عێراق لەساڵی 2021دا توانای بەرهەمهێنانی نەوت لەو گێڵگەیەدا ڕۆژانە نزیکەی 500 هەزار بەرمیل نەوت بووە.

لە لایەکى دیکەوە خالید هەمزە، سەرۆکی کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند: کە ئیکسۆن مۆبیل هەوڵدەدات بە بڕی 32.7٪ پشکی خۆی لە کێڵگەکە بە 350 ملیۆن دۆلار بفرۆشێت.
لە ئێستادا بەهۆى ئاڵۆزییەکانى ئەم دوایەى عیراقەوە، وەبەرهێنانی بیانی بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکان لە باشوری عێراق کەمیکردووە، هاوکات سنوردارکردنی بەرهەمهێننانی نەوت وەک پشتیوانیەک بۆ جێگیرکردنی نرخ، یەکێکى دیکە بووە لە هۆکارەکان.

242 جار خوێندراوەتەوە