ناسنامەی یەکەم قوربانی دەریای مانش ئاشکراکرا؛ ژنێکی کوردە

KNN : Kurdish News Network
09:17 - 27/11/2021
کوردستان

ژنێکی کوردی تەمەن 24 ساڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان بووە یەکەم قوربانی خنکانی بەکۆمەڵی ئەم هەفتەیە لە رودای ژێر ئاوکەوتنی چوپێک لە کەناڵی ئینگلیزی.

 

 
تۆڕی هەواڵی (BBC) بڵاویکردەوە، مەریەم نوری محەمەد ئەمین یەکێک بوو لەو 27 کەسەی کە ڕۆژی چوارشەممە لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە بۆ بەریتانیا گیانی لەدەستدا.

 

 

دەزگیرانی مەریەم، کە لە بەریتانیا دەژی بە(BBC) راگەیاندووە، مەریەم لەو کاتەدا کەچوپەکەیان هەوای تێدا نەماوە ئاگاداری کردۆتەوە و پێی راگەیاندوە کە ژیانیان کەوتۆتە مەترسییەوە.

 

 

بە وتەی دەزگیرانەکەی مەریەم، تیمەکانی ناو دەریا زۆر درەنگ بەهانای ئەو کۆچبەرانەوە چون کە (17) پیاو و  شەش ژن بوون کە یەکێکیان دووگیان بوو، هاوکات هەر لەو روداوەدا سێ منداڵیش گیانیان لەدەستداو.

 

 

بەپێی زانیارییەکان تەنها دوو کەس لەو روداوەدا رزگارییان بووە کە عێراقیەک و سۆماڵییەکن.

 

 

رۆژی چوارشەممە، (27) کۆچبەر لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە وڵاتی بەریتانیا لە دەریای مانش کە بە (کەناڵی ئینگلیزی) ناسراوە، چوپەکەیان ژێر ئاوکەوت و زیاتر لە دە کەسیان گیانیان لەدەستدا.

4951 جار خوێندراوەتەوە