جەڵتەى دڵ بە چەند شێوە خۆى نیشان دەدات؟

KNN : Kurdish News Network
08:57 - 08/11/2021
تەندروستی

جەڵتەی دڵ نەخۆشیەکی مەترسیدارە بەهۆی تەسک بوونەوەو گیرانی ئەو بۆڕیە خوێنانە رودەدەن کە خوێن بۆ بەشەکانی دڵ دەبەن، یەکێکە لەو نەخۆشیە ئیمێرجنسی و لەناکاوانەی کە پێویستی بە چارەسەری خێراو دەم و دەست هەیە .

جەڵتەی دڵ بە زۆر شێوە خۆی نیشان دەدات، جۆرە باوەکەی بریتیە لە ئازاری لای چەپ یان ناوەڕاستی سنگ کە زۆر جار بڵاودەبێتەوە بۆ قۆڵ و پشت، هێڵنج دان و رشانەوە، هەناسە تەنگی، ئارەقە کرنەوە و بێتاقەتی.

بەڵام مەرج نیە هەموو جار بەم شێوەیە خۆی نیشان بدات و نەخۆش هەموو ئەو نیشانانەی هەبێت، بەڵکو دەکرێ بەشێوەیەک بێ تەواو جیاواز لەو نیشانانە، ئەوەی مەبەستمە لێرە تیشکی بخەمە سەر ئەوەیە زۆر جار ئازاری جەڵتەی دڵ لە سنگ نابێت بەڵکو لە خوار ئێسکی ناوەڕاستی سنگ و سەرەوەی ناوک دەبێت ، نەخۆش وادەزانێ سەرچاوەی ئازارەکە لە گەدەوەیەتی بۆیە دەچێ حەبێکی ئۆمیپڕازۆڵ یان هەر حەبێکی تری گەدە وەردەگرێ، جا خۆی لەخۆیدا ئەوە کارێکی تەواو مەترسیدارەو نەخۆش دوادەخا لە چارەسەری خێرای جەڵتەکەو رەنگە زۆرجاریش بەهۆی دواکەوتنی چارەسەر نەخۆش دووچاری مردن بکاتەوە .

بۆیە پێویستە ئازاری سنگ و خوارەوەی سنگ بەهەند وەربگیرێت و بەهیچ شێوەیەک بێ ڕاوێژی پزیشک چارەسەر وەرنەگیرێت چون رەنگە ئەو ئازارەی سنگ تۆ بە گرژبوونی ماسولکە (تشنج عضلي) و ئەو ئازارەی سەرەوەی ناوک تۆ بە گەدە تێیگەیشتووی، جەڵتەی دڵ بێت و وەرگرتنی چارەسەر بێ گەڕانەوە بۆ پزیشک ژیانت بخاتە مەترسیەوە .


د. شێروان کۆساری
پزیشکی شارەزای گشتی

1747 جار خوێندراوەتەوە