عێراق و ئیمارات رێکەوتنێکیان لە بواری وەبەرهێناندا واژۆکرد

KNN : Kurdish News Network
07:19 - 19/10/2021
عێراق

وەزارەتی دارایی ئیمارات رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئابوریی لە نێوان عێراق و ئیمارات، رێککەوتنی پاراستن و هاندانی وەبەرهێنان لەگەڵ عێراقدا واژو کردووە.

 
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی وەزارەتی دارایی ئیمارات کە ئاژانسی هەواڵی فەرمی وڵاتەکە بڵاوی کردووەتەوە، ئامانج لە رێککەوتنەكه‌ هاندانی وەبەرهێنانی بیانییە لەرێگەی دەستبەرکردن و رەخساندنی کەشی لەبار.

 

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە رێکەوتنەکە دەستەبەری هاوسەنگی گشتگیر لەنێوان ماف و ئەرک لەنێوان وەبەرهێنەران و دەوڵەت دەکات.

 

هاوکات پارێزگاری لە وەبەرهێنانی بیانی لە سەرجەم مەترسییە نا بارزگانییەکان دەکات وەک دڵنیایی، دەست بەسەردا گرتنی دادوەریی و سڕکردن، هاوکات کار دەکات بۆ ئاسانکاریی لە بنیاتنانی وەربەرهێنانی دوولایەنە و پێدانی مۆڵەت.

 

لە نیسانی ٢٠٢١دا، ئیمارات رایگەیاند بڕی سێ ملیار دۆلاری بۆ وەبەرهێنان لە عێراق تەرخان کردووە بە ئامانجی بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییه‌كان و وەبەرهێنان و هەماهەنگیی لەنێوان هەردوو وڵاتدا.

 

بەپێی داتاکانی وەزارەتی ئابووری ئیمارات، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی وڵاتەکە لەگه‌ڵ عێراق لە ساڵی ٢٠١٩دا نزیکەی ١٥ ملیار و ١٠٠ ملیۆن دۆلار بووە.

357 جار خوێندراوەتەوە