ئەمەریکا بەنیازە دووبارە کونسوڵخانەکەی لە ئۆرشەلیم بکاتەوە

KNN : Kurdish News Network
10:16 - 14/10/2021
جیهان

ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پلانەکانی بۆ دووبارە کردنەوەی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ئۆرشەلیم، لەکاتێکدا واشنتن پەیوەندییەکان لەگەڵ فەڵەستینیەکان دەستپێدەکاتەوە و پابەندی چارەسەری دوو دەوڵەت دەبێت بۆ ململانێکانی نێوان فەڵەستینیەکان و ئیسڕائیل.

 

 
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، " وەکو لە مانگی پێنجدا وتم، بەردەوام دەبین لە پڕۆسەی کردنەوەی کونسوڵخانەکەمان وەکو بەشێک لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ فەڵەستینیەکاندا".

 

وتیشی، ئەمەریکا پشتیوانی لە هەوڵەکان دەکات بۆ خستنەوەی ئاشتیەکی هەمیشەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها بەردەوام دەبێت " لە پتەوکردنی سەرجەم ڕووەکانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسڕائیلدا".

 

لە ساڵی 2019 ەوە کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ئۆرشەلیم داخراوە، کاروباری فەڵەستینیەکانیش لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمەریکاوە بەڕێکراوە.

 

لە مانگی پێنجدا بلینکن لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ ڕامەڵا لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوا پلانی ئەمەریکای بۆ دووبارە کردنەوەی کونسوڵخانەی وڵاتەکە ڕاگەیاند، لەوێش لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینیەکان مەحمود عەباسدا کۆبۆوە.

 

لەلای خۆیەوە ئیسڕائیل دژایەتی پلانەکەی ئەمەریکا دەکات و دەڵێت " دووبارە کردنەوەی کونسوڵخانەکە بیرۆکەیەکی خراپە."

240 جار خوێندراوەتەوە