کابول؛ تاڵیبان و داعش روبەڕوى یەکترى بونەوە

KNN : Kurdish News Network
09:35 - 04/10/2021
جیهان

لە کابول پایتەختی ئەفغانستان، شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی تاڵیبان و چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش رویدا.

زەبیحوڵڵا موجاهید، وتەبێژی تاڵیبان و بریکاری وەزیری رۆشنبیریی حکومەتى تاڵیبان رایگەیاند: لە حەڤدەهەمین ناوچەی پۆلیسی کابول، ئۆپەراسیۆن بۆسەر رێکخراوی تیرۆریستیی داعش ئەنجامدراوە.

موجاهید باسی لەوە کرد کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، حەشارگەیەکى داعش خاپوور کراوە و ئەندامانی رێکخراوەکەش کە لە حەشارگەکەدا بون، کوژراون.

شایەدحاڵانیش ئاشکرایان کردوە، درەنگانی شەوی رابردوو لە ناوچەی خیرخانە لە کابول لە میانی پێکدادانی نێوان تیرۆریستانی داعش و هێزەکانی تاڵیباندا دەنگی تەقینەوە بیستراوە.

لە لایەکی دیکەوە، درەنگانی شەوی رابردوو لە دەروازەی مزگەوتی عیدگاه لە کابولی پایتەخت، بۆمبێک تەقییەوە و بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتی کوژران.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوای ئەوەی تاڵیبان دەستی بەسەر ئەفغانستاندا گرت، رێکخراوی تیرۆریستیی داعش هێرشەکانی لەو وڵاتەدا زیادی کردووە و خوێناویترین کردەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حامد کارزای لە کابول ئەنجام داوە.



1182 جار خوێندراوەتەوە