بڕى پارە بەتاڵان براوەکانى عێراق چەندە؟

KNN : Kurdish News Network
01:53 - 15/09/2021
ئابوری

حکومەتى عێراق کۆنگرە بۆهێناوەى پارە بەتاڵاانبراوەکانى بۆ دەرەوەى وڵات ساز دەکات لە کاتێکدا تائێستا بە دیاریکراوى نازانرێت قەبارەى ئەوپارانەى لە (18) ساڵى رابردودا براونەتە دەرەوە چەندە.

 

سەبارەت بە ئامانجى کۆنگرەکە کە ئەمرۆ لە بەغدا بەسەرپەرشتى مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق و بە ئامادەبونى ژمارەیەک لە وەزیرانى دادى چەند وڵاتێک و ئەحمەد ئەبو غەیت سەرۆکى کۆمکارى وڵاتانى عەرەبى دەستى پێکرد و بڕیارە دوو رۆژ بخایەنێت، سالار عەبدولستار وەزیرى دادى عێراق رایگەیاند، ئامانج لە سازدانى ئەو کۆنگرەیە  روبەڕوبونەوەى  دزین و بەتاڵانابردنى داهاتى گشتیە.

 

لە دەستپێکى کۆنگرەکەشدا مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاند، یەکێک لە ئامانجەکانى کابینەکەى روبەروبونەوە گەندەڵى بووە، بۆیە هەر لە سەرەتاوە لیژنەیەکى تایبەتمەندیان بۆ ئەو مەبەستە پێکهێناوە.

 

ئاشکراشیکرد، لیژنەکە لە ماوەى ساڵێکدا کۆمەڵێک دۆسیەى گەندەڵى ئاشکراکردوە کە لە (17) ساڵى پێشوتردا نەتوانراوە ئاشکرابکرێن، هەروەها بڕێک پارەى بەتاڵان براویشمان گەڕاندوەتەوە بێ ئەوەى بڕەکەى ئاشکرا بکات.

 

سەبارەت بەقەبارەى ئەو پارانەى عێراق کە لە (18) ساڵى رابردوودا بەشێوەى نایاسایى براونەتە عێراق، ئامارى جیاواز خراوەتە روو.

 

لە مانگى ئازارى ئەمساڵدا تەها دیفاعى ئەندامى لیژنەى دەستپاکى لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق رایگەیاند، قەبارەى ئەوپارانەى عێراق کە لەدواى ساڵى (2003) براونەتە دەرەوە بە (300) بۆ (350) ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.

 

لەمانگى ئایارى ئەمساڵیشدا بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆمارى عێراق دوای پێشکەشکردنی پڕۆژە یاسای (گێرانەوەی پارە و سامانی دزراو و بە تاڵانبراوەکانی عێراقی بۆ دەرەوەی وڵات) رایگەیاند، لەدوای ساڵی (2003)ەوە عێراق ملیاران دۆلاری لە داهاتی نەوت دەستکەوتوە، لەو بڕەش نزیکەی (150) ملیار دۆلار بەگەندەڵی براوەتە دەرەوەى عێراق.

 

ئەوە لەکاتێکدا بەپێى ئامارێکى دامەزراوەى نەهرین بۆ پاڵپشتى لە شەفافیەت لە عێراق، قەبارەى ئەوپارانەى لە عێراق براونەتە دەرەوە زیاترە لە (500) ملیار دۆلار.

929 جار خوێندراوەتەوە